ئاشتی هه‌ورامی: به‌بێ به‌غداش، ده‌توانین پێویستیی ناوخۆیی هه‌رێم بۆ به‌نزین دابین بكه‌ین

وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو به‌غدا بڕیارێكی "ناده‌ستووری‌و ناقانونی"دا بۆ ره‌وانه‌نه‌كردنی به‌نزین بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا ده‌توانن به‌بێ به‌غداش، پێویستی ناوخۆیی بۆ به‌نزین له هه‌رێمدا دابین بكه‌ن.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی به‌غدا ره‌وانه‌كردنی به‌نزین بۆ هه‌رێم رابگرێت، د.ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكیدا بۆ "خه‌ندان" وتی: ده‌ركردنی هه‌ر بڕیارێكی له‌و جۆره "ده‌ستووری‌و قانونی نییه (...) ئێمه به‌شێكین له‌م وڵاته‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه قبوڵ ناكه‌ین".
هه‌ورامی راشیگه‌یاند كه ئه‌و بڕیاره "وه‌كو گه‌مارۆیه‌گی ئابوورییه دژی هه‌رێمی كوردستان"و پێیوابوو كه گرتنبه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته هاوشێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه رژێمی پێشووی عیراق په‌یڕه‌وی ده‌كردو وتی: "ئه‌مه سیستمێكه كه سه‌دام حسێن به‌كاری ده‌هێنا".
پێشتر به‌هۆی ناكۆكییه به‌رده‌وامه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌ولێر له‌سه‌ر گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم، عه‌بدولكه‌ریم لعێبی وه‌زیری نه‌وتی عیراق بڕیارێكی ده‌ركرد بۆئه‌وه‌ی له رۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌وه ره‌وانه‌كردنی به‌نزین بۆ هه‌رێم رابگرێت، به‌ڵام دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ حسێن شه‌هرستانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری وزه، جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه بۆ مانگێكی دیكه دواخرا.
وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر نایاساییبوونی ئه‌گه‌ری راگرتنی به‌نزین بۆ هه‌رێم كرده‌وه، هاوكات له بایه‌خی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی حكومه‌تی به‌غداشی كه‌مكرده‌وه‌و ته‌ئكیدیكرده‌وه له‌وه‌ی ده‌توانن پێویستی ناوخۆیی بۆ به‌نزین دابین بكه‌ن‌و وتی: "ئێمه توانا‌مان هه‌یه‌و ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین".




