٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەی هاوپەیمانی نیشتمانی و كوردستانی و عێراقییە لە بەغدا كۆ دەبنەوە

سەرچاوە: AK News

دووەم جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، سبەی هاوپەیمانیی نیشتمانی، هاوپەیمانیی كوردستان و لیستی عێراقییە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسیی عێراق لە بەغدا كۆ دەبنەوە و شیمانە رێككەوتنیان لەبارەی مانەوەی مالیكی بۆ دوو ساڵی تر لە پۆستەكەی لە ئارادایە.

عارف تەیفوور بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند "لەم چەند رۆژەی داهاتوودا تەنگژەی سیاسیی عێراق بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو دەنێ، چونكە تا دێ نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكات سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا نەرمی لە بەرامبەر چارەسەركردنی كێشەكان دەنوێنێ".

روونی كردەوە، بڕیار وایە سبەی هەرسێ لایەنی عێراقییە و هاوپەیمانی نیشتمانی و هاوپەیمانی كوردستان لە بەغدای پایەتەخت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرەتایی كۆ ببنەوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستەی عێراق و ئەو ئاڵۆزكانەی پەرەی سەندووە لەم دواییەدا.

ئاماژەی دا، یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی لایەنەكان ئەوەیە مالیكی لە 2 ساڵی داهاتوودا لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بمێنێتەوە، بەڵام بۆ خولی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان مافی خۆ پاڵاوتنی نەبێ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆیە پێم وایە دۆخی ئێستەی عێراق بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو دەنێ، بەڵام وەكو پێویست سەقامگیر نابێتەوە.

لای خۆیەوە فەرهاد ئەترووشی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان بۆ (ئاكانیووز) رای گەیاند "ئێستە مالیكی پاڵەپەستۆییەكی زۆری لەسەرە، چونكە تا دێ دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزكانی زیاتر هەنگاو دەنێ، ئەوەش لە بەرژەوەندی مالیكی و گەلانی عێراق نییە، بۆیە مالیكی نەرمی لەبەرامبەر چارەسەركردنی كێشەكان دەنوێنێ.

"مالیكی بۆی روون بووەتەوە كە 2 پێكهاتەی سەرەكی كە كورد و عەرەبی سونە، هەروەها بەشێك لە عەرەبی شیعەیشی لەگەڵدا نییە، بۆیە نەرمی دەنوێنێ، وای دەبینم تەنژگژەی سیاسیی بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو بنێ" ئەتروشی گوتی.

بەهۆی كەڵەكەبوونی چەند كێشەیەك لە نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق و لیستی عێراقییەدا، عێراق لە ڕووی سیاسییەوە ناجێگیرە و لایەنەكان باسی لەكارخستنی مالیكی لە سەرۆك وەزیران دەكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار