ئەعرەجی: مالیکی رێگەنادات پارەی داهاتی نەوت بەسەر هاوڵاتیان دابەشبکرێت

بەها ئەعرەجی سەرۆکی کوتلەی ئەحرار سەر بە رەوتی سەدر لە هاوپەیمانی نیشتمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە ئەنجومەنی نوێنەران سازیکرد ئاماژە بەوەدەدات کە لە یاسای بودجەی ساڵی دوو هەزار و دوانزە و لەسەر پێشنیازی کوتلەی ئەحرار داواکرا بەشێک لە زیادەی داهاتی نەوت بەسەر گەلی عیراق دابەشبکرێت بۆ ئەو مەبەستەش پرسیاریان لە وەزیری دارایی کردووە کە ئەو زیادەیە لەو ساڵەدا چەند بووە لە وەڵامدا وتوویەتی نزیکەی بیست ملیار دۆلار دەبێت.
بەها ئەعرەجی وتیشی ئەو زیادەیەی پێویستە دابەش بکرێت سەدا بیست و پێنجیداهاتەکەیە بە پێی وتەکانی وەزیری دارایی دەبێت پێنج ملیار دۆلار بێت ئەوەش بەسەر گەلی عیراقدا دابەش بکرێت و گەر دابەشی سی ملیۆن هاوڵاتیشی بکەین پشکی هەر تاکێک دەکاتە دوو سەد و سی و سێ دۆلار.
سەرۆکی کوتلەی ئەحرار ئاشکراشیکرد حکومەت و بەدەستنیشانکراویش نوری مالیکی سەرۆک وەزیران لە دادگا سکاڵایان تۆمار کرد بە مەبەستی خەرج نەکردنی ئەو پارەیە بەسەر گەلی عیراق ئەو سکاڵایەش لە بەرژەوەندیی حکومەت بڕیاری لەسەر دراوە کە جێگەی سەرسوڕمانە.
بەها ئەعرەجی وتیشی سەرۆک وەزیران رێگە نادات گەلی عیراق سوود لە داهاتی نەوتی وڵاتەکەی ببینێت ئەگەر ئەو پارەیە بۆ جەنگ تەرخان بکرایە رەنگە مالیکی رەزامەندی لەسەر بدایە بەڵام لەو مەسەلەیەدا تەنها گەلی عیراق سوودیان لێدەبینی بۆیە رێگەی لێگرت.
تەئکیدیشی کردەوە ئەوان وەکو کوتلەی ئەحرار راناوەستن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان ئەم هەوڵەی سەرۆک وەزیرانیش بە مەترسی وەسفدەکەن و پێیانوایە پێشینەکەی هەڵوەشاندنەوەی بەشەخۆراکی مانگانە بووە و دووەم هەوڵیشیان رێگەگرتن بووە لە دابەشکردنی زیادەی نەوت بەسەر گەلی عیراق وتیشی خوا بمانپارێزیت لە هەوڵی سێیەمیان.




