سەفین دزەیی: حكومەتی عێراق رێگەی نەدا وەزیری وزەی توركیا سەردانی هەولێر بكات

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی حكومەتی عێراق رێگەی فڕۆكەكەی بەڕێز تەنەر یەلدز وەزیری وزەی توركیا بێتە ناو خاكی عێراقەوەو سەردانی هەولێر بكات بۆ بەشداری كردن لە كۆنفرانسی كوردستان – عیراق بۆ نەوت و گاز..
هەروەها سەفین دزەیی راگەیاند بڕیار بوو دوێنێ وەزیری وزەی توركیا بەشداری لەم كۆنفرانسەدا بكات بەڵام بەهۆی سەردانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا بۆ توركیا، وەزیری وزەی توركیا نەیتوانی رۆژی یەكەمی كۆنفرانسی نەوت و گاز كە لە هەولێر بەڕێوەچوو بەشداری بكات، بۆیە كاتێك نیازی هەبوو ئەمڕۆ رۆژی دووەمی كۆنفرانسەكە بەشداریی بكات، كەچی حكومەتی عێراقی فیدراڵ دوێنێ هەندێ رێنمایی نوێی دەركرد و بە پێی ئەو رێنماییانە رێگە بە فڕۆكەی وەزیری وزەی توركیا نەدرا بێتە نێو خاكی عێراق و بگاتە هەولێر.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی راگەیاند: كە تا ئێستا حكومەتی عیراق فیدراڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەو رێنماییە نوێیانە ئاگادار نەكردۆتەوە.




