متمانە وەرگرتنەوە لە مالیكی هەنگاوێكە لە جێی خۆیەتی و تهنها پێویستی بە 163 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە

ئەندامێكی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئاشكرای دەكات، هەفتەی ئایندە، قەیرانەكەی عێراق و هەنگاوەكانی هێزە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی ڕوونتر دەبێتەوە. پەریزاد شەعبان ئەندامی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات ئاشكرای دەكات، بەبۆچوونی ئێمە و بەشێكی زۆر لە لیست و هێزە سیاسییەكانی عێراق، وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی و حكوومەتەكەی، هەنگاوێكی لە جێی خۆیەتی، چونكە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی وەك سەرۆك وەزیران، زۆر تاكڕەویی و دیكتاتۆرییە، كە ئەمەش جێگای قبوڵكردن نییە بۆ عێراقی نوێ. پەریزاد شەعبان ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەو پشتیوانییە مەزنە هەبێت بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی مالیكی، ئەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستمان بە 163 دەنگ هەیە بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی هەبێت، ئەوا بێگومان متمانە لە حكوومەتەكەی مالیكی وەردەگیرێتەوە. لە كۆتاییشدا، ناوبراو هەفتەی ئایندەی وەك هەفتەی یەكلاكەرەوە وەسفكرد و گوتی: كۆبوونەوەكەی نەجەف، كە تەواوكەری كۆبوونەوەكەی هەولێر بوو، لە هەفتەی ئایندە ئەنجامەكانی زیاتر ڕوون دەبێتەوە، ئاخۆ هێزە سیاسییەكان چۆن هەنگاو دەنێن بەرەو كۆتاییهێنان بەو قەیرانەی ئێستا لە عێراق هەیە، بەتایبەتی متمانەوەرگرتنەوە لە حكوومەتەكە یاخود جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگە و ماددەكانی رێككەوتننامەی هەولێر.




