قه‌رزاوی له‌باره‌ی هاشمییه‌وه نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی ده‌كات

یوسف قه‌رزاوی داوا له سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كات كه "له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای حكومه‌ت‌و گه‌لی عیراق"دا هه‌وڵبدات بۆ دواخستنی حوكمدان به‌سه‌ر تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆماردا.
یوسف قه‌رزاوی سه‌رۆكی یه‌كێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمانان نامه‌یه‌كی له‌باره‌ی تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆماره‌وه بۆ مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عیراق ناردووه‌و تێیدا داوای لێده‌كات هه‌وڵبدات بۆ دواخستنی حوكمدان به‌سه‌ر هاشمیدا، كه تۆمه‌تباره به تێوه‌گلان له‌كاری تیرۆریتسی.
له‌و نامه‌یه‌دا كه ده‌قه‌كه‌ی له سایتی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا بڵاوكراوه‌ته‌وه، قه‌رزاوی داوا له سه‌رۆك تاڵه‌بانی ده‌كات كه "له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای حكومه‌ت‌و گه‌لی عیراق‌و (...) له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ی هه‌موو هۆكاره‌كانی دروستبوونی ئاژاوه‌و لێكترازان" په‌له نه‌كرێت له دۆسێكه‌ی تاریق هاشمیدا.
قه‌رزاوی به‌ناوی یه‌كێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمانانه‌وه داواشی له مام جه‌لال كردووه، كه هه‌وڵبدات بۆ دواخستنی حوكمدان به‌سه‌ر هاشمیدا تا ئه‌و كاته‌ی ته‌وافوقێك له‌باره‌ی دۆسێكه‌وه دێته ئاراوه، چونكه "دۆزی عیراق هه‌ر له بنه‌ماوه له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وافوقه بنیاد نراوه‌و كێشه‌كانیشی ته‌نها به ته‌وافوق چاره‌سه‌ر ده‌كرێن".
ئه‌م داوایه‌ی یوسف قه‌رزاوی دوای به‌ڕێوه‌چوونی دوو دانیشتنی دادگاییكردنی تاریق هاشمی دێت‌و تێیاندا چه‌ند كه‌سێك شایه‌تییان داوه له دژی‌و دانیان ناوه به‌وه‌ی به فه‌رمانی هاشمی چه‌ند كارێكی تیرۆریستییان ئه‌نجام داوه.
پێشتر به‌هۆی داوای گواستنه‌وه‌ی دۆسێكه‌ی له دادگای باڵای تاوانه‌كانه‌وه بۆ دادگای ئیتیحادی، دووجار دانیشتنه‌كانی دادگاییكردنی تاریق هاشمی له رۆژانی 5و 10ی ئه‌م مانگه دواخرا.
رۆژی 17ی كانوونی یه‌كه‌می 2011، تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆمار بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار هاته شاری سلێمانی‌و دوو ڕۆژیش دوای ئه‌و مێژووه دانپێدانانی ژماره‌یه‌ك له پاسه‌وانه‌كانی بڵاوكرایه‌وه‌و تێیدا تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی له‌كاری تیرۆریستییه‌وه تێوه‌گلاوه، به‌ڵام سه‌رله‌به‌ری ئه‌و تۆمه‌تانه له‌لایه‌ن هاشمیه‌وه ڕه‌تده‌كرێنه‌وه.
رۆژی یه‌كی نیسانی ئه‌مساڵیش هاشمی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ره‌و وڵاتی ئیمارات ڕۆیشت و پاش سه‌ردانێكی چه‌ند رۆژه بۆ قه‌ته‌ر و سعودیه، به‌ره‌و وڵاتی توركیا ڕۆیشت و له‌و كاته‌وه له شاری ئه‌سته‌نبوڵ نیشته‌جێیه.
رۆژی هه‌شتی ئایاریش پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی ئینته‌رپۆل یاداشتێكی ده‌ستگیركردنی بۆ تاریق هاشمی ده‌ركرد‌و رۆژێكیش دوای ده‌رچوونی یاداشته‌كه، هاشمی رایگه‌یاند تا كاتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كانی عیراق، له توركیادا ده‌مێنێته‌وه.




