مەسروور بارزانی پیرۆزبایی لە شاری سلێمانی دەکات

مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پەسندکردنی بە پایتەختبوونی شاری سلێمانی وەک پایتەختی رۆشنبیریی هەرێم، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی شاری سلێمانی دەکات و ئاماژە بەوەدەکات کە شاری سلێمانی شایستەی ئەم ناوەیە و ئەم بڕیارەش رێزلێنان و وەفای خەلکی کوردستانە بۆ مێژووی پڕ لە خەباتی سیاسی و رۆشنبیری ئەم شارە خۆشەویستە.
ئەمەش دەقی پەیامەکەی بەرێزیانە:
بە بۆنەی پەسندکردنی بە پایتەختبوونی شاری سلێمانی وەک (پایتەختی رۆشنبیریی هەرێم) لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییم ئاراستەی شاری هەڵمەت و قوربانی دەکەم. شاری سلێمانی شایستەی ئەم ناوەیە و لەو بڕوایەدام کە ئەم بڕیارە رێزلێنان و وەفای خەلکی کوردستانە بۆ مێژووی پڕ لە خەباتی سیاسی و رۆشنبیری ئەم شارە خۆشەویستە. پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیە دەکەم کە گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بدرێت و بە پێی تایبەتمەندیی مێژوویی و جوگرافی ، بایەخ بە تواناکانی هەر ناوچەیەک بدرێت و توانا مادیی و مەعنەوییەکانی هەرێم بە یەکسانی گشت ناوچەکان بگرێتەوە. جارێکی دیکەش پیرۆزە لە پایتەختی رۆشنبیریی هەریم و وڵات هەر ئاوەدان و لە پێشکەوتندا بێت.




