نێچیرڤان بارزانى: پێشمه‌رگه بۆ به‌رگریكردن ئاماده‌یه

دوای ته‌واوبوونی كۆنفرانسی دووه‌می نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان، پێشنیوه‌رۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 3ى دیسه‌مبه‌رى 2012 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له هۆڵی شه‌هید مامۆستا سه‌عد عه‌بدوڵلا له هه‌ولێر چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگی ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان و عێراق و ئه‌و گرژییه‌ی له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یه خسته ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه تاكه چاره‌سه‌ری بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره. هاوكات سه‌رۆكی حكوومه‌ت نیگه‌رانیی خۆی له دوایین لێدوانه‌كانی نووری مالیكیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نیشان دا به‌وه‌ی بارودۆخی ئێستای به شه‌ڕی نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد وعه‌ره‌ب وه‌سف كرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه تاوه‌كو ئێستا هیچ به‌رپرسێكی باڵای عێراقی له ئاستێكی وا به‌رزدا ئه‌م جۆره لێدوانانه‌ی نه‌داوه.
پابه‌ندبوون به ده‌ستوور..
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌رایی كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه سازدانی ئه‌م كۆنفرانسه له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌یسه‌لمێنێت كه كوردستان به ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقه‌وه پابه‌نده و هیچ هه‌نگاوێكی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور نه‌ناوه و داوه‌تكردنی ئه‌م كۆمپایایانهش بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دایه و گوتی: "هه‌رچی گرێبه‌سته له بواری نه‌وت و غاز ئیمزا كرا بێت له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور بووه و ئێمه هه‌میشه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ین له خزمه‌تی هه‌موو عێراقدایه".
كێشه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق..
دواتر نێچیرڤان بارزانی هاته سه‌ر باسی بارودۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به تایبه‌تی ئه‌و بارودۆخه‌ی له ناوچه دابڕێندراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بیندرێت، هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو شاندی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان و پابه‌ندنه‌بوونی سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ به‌و به‌ڵێنانه‌ی كه به هه‌رێمی كوردستانی داوه و گوتی: "ئێمه پێشتر شاندمان بۆ به‌غدا نارد، شاندی ئێمه بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر چوونه به‌غدا و به‌رله‌وه‌ی ئه‌و كێشانه بچنه به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رله‌وه‌ی هه‌ر كۆبوونه‌وه و دانیشتنێك بكرێت، ڕێككه‌وتن له سه‌ر هه‌موو خاڵه‌كانی كرا بوو، به‌ڵام به داخه‌وه جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌مانه‌ی هه‌موو ڕه‌ت كرده‌وه. ئێمه پێمانوانییه كێشه‌كان به مشێوه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت و وپێمانوایه ده‌بێ بۆ ده‌ستوور بگه‌ڕێینه‌وه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان، بۆ ئاگاداریش ئه‌مڕۆ جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا و گه‌ڕانه‌وه‌شی ته‌نها بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر نییه، به‌ڵكو وه‌كو سه‌رۆك كۆمار ده‌گه‌ڕێته‌وه و چه‌ندین دانیشتن ده‌كات وه‌كو هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌ن. له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ئێمه وه‌كو هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه شاندێك به سه‌رۆكایه‌تیی د.به‌رهه‌م ساڵح ده‌چێته به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بۆچوونی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وان، به‌وه‌ی كه ئێمه ده‌مانه‌وێ به شێوه‌ی گفتوگۆ و دانیشتن كێشه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین و هیوادارین چاره‌سه‌ر بكرێت.
له دژی سوپای عێراقی نین..
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز له دژی سوپای عێراق نییه و هه‌ر پرسێك په‌یوه‌ندیی به ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه‌وه هه‌بێت ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان هیچ گرفتێكی له‌باره‌وه نییه، به‌ڵام فه‌رمانده‌یى دیجله كه ده‌یه‌وێ پێشمه‌رگه بخاته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه، ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكرێت وگوتی: "كێشه‌ی گه‌وره له‌وه‌دایه ئه‌وان به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند كارێكیان كردووه و چه‌ند بڕیارێكیان داوه به‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش بكه‌ونه ژێر ڕكێفی ئه‌م ڕێكخستنه‌وه، به تایبه‌تی له كه‌ركووك و دیاله، ئێمه‌ش ئه‌و شته به توندی ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و هیوادارین به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه به گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بكه‌ین.
نیگه‌رانی له لێدوانه‌كانی مالیكی..
نێچیرڤان بارزانی نیگه‌رانیی خۆی له قسه و لێدوانه‌كانی نووری مالیكی نیشان دا و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا كاتێك سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان باسی نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا كرد، مه‌سه‌له‌كه وا لێك درایه‌وه كه گرفته‌كه له نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان و مالیكی گرفتێكی شه‌خسى یه، به‌ڵام له دوایین لێدوانه‌كانی مالیكی ئه‌وه سه‌لمێندرایه‌وه كه وا نییه و ئه‌م گرفته زۆر له‌وه گه‌وره‌تره" و گوتی: "نیگه‌رانیی ئێمه له بارودۆخی هه‌نووكه‌یی سیاسیی عێراق نیگه‌رانیی هه‌موو عێراقه له شێوه‌ی ڕه‌فتاری جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران، ئێمه نامانه‌وێ هیچ كاتێك گوێمان له‌وه بێت ئیتر شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب ڕوو ده‌دات و هه‌موو شۆڕشه‌كانی كورد خۆیان له‌وه پاراستووه كه مه‌سه‌له‌كه بۆ شه‌ڕی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌ب بگۆڕدرێت. به داخه‌وه جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه مه‌سه‌له‌كه بۆوه‌ته شه‌ڕی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانیمانه و ئێمه‌ی زۆر ناڕه‌حه‌ت كرد. به‌ڵام بۆ؟! كوردستان هه‌میشه په‌ناگایه‌ك بووه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ده‌ستی دیكتاتۆرییه‌ت ڕایان كردووه و چه‌نده‌ها كه‌سی له‌و دیكتاتۆرییه‌ته پاراست به خودی سه‌رۆكی وه‌زیرانیشه‌وه، بۆیه ئه‌مه بۆ هه‌موو كوردێك جێگه‌ی نیگه‌رانییه. هه‌ڵوێستی ئێمه دیاره، ئێمه ئاماده‌ین به گفتوگۆ كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین دوور له توندوتیژی. ئێمه پێمان وانییه كێشه‌كانی عێراق به‌تانك و F16 چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵكو به ده‌ستوور و دیاڵۆگی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی. هیوادارین سه‌رۆك وه‌زیران مالیكی كه هه‌میشه پێی وایه خه‌ڵكانێك ده‌یانه‌وێ پیلانی له دژ بگێڕن، به تایبه‌تی كه هه‌رێمی كوردستان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه پاڵپشتیی سوپای ئازادی عێراق ده‌كات، ئێمه چۆن ئه‌و شته ده‌كه‌ین كه خۆمان قوربانیی تیرۆر بووینه له‌و ناوچانه، ئێمه له كاتی كێشه ئه‌منییه‌كاندا یارمه‌تیی ئه‌وانمان دا و پێشمه‌رگه‌مان بۆ به‌غدا نارد و له كاتی تووشبوونیان به كێشه ئاماده‌یی خۆمان بۆ یارمه‌تیی مالیكی نیشان دا. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه ئێمه هه‌ڕه‌شه نین له سه‌ر یه‌كپارچه‌یى عێراق، به‌ڵكو لێدوانی ئه‌و به‌رپرسانه هه‌ڕه‌شه‌ی جیددین بۆ یه‌كپارچه‌یى خاكی عێراق و وه‌كو گوتم ئه‌مڕۆ هه‌موو لایه‌ك له‌و ڕه‌فتاران نیگه‌رانه. هیوادارین جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران به شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه و وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌موو عێراق ڕه‌فتار بكات و به شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌وه به‌خۆیدا بچێته‌وه و ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر بكات.
ئێمه هیوامان ده‌خواست هیچ یه‌ك له‌و قسانه‌ی كردی نهیكردبوایه، ئێمه له دژی چه‌كداربوونی سوپای عێراق نین، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌وه دڵنیا بین كه ئه‌و چه‌كانه چۆن به‌كار دێن،برینی كورد زۆر قووڵه، برینی خه‌ڵكی ئێمه زۆر له‌وه قووڵتره باوه‌ڕ به‌وه بكات عێراق به شێوه‌یه‌كی دیموكراسییانه ده‌ژیێت به‌بێ هیچ گرفتێك، ئێمه له‌و عێراقه‌دا كه به‌پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ژیانمان گوزه‌راند 182 هه‌زار كه‌سمان لێ ئه‌نفال كرا، پێنج هه‌زار گوندمان وێران بوو و هه‌ڵه‌بجه و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كیمیاباران كرا. كورد له‌وه ده‌پرسێت ئاخۆ ئێستا ئه‌و چه‌كه بۆ و له به‌ر چی؟! ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكرابوایه و دڵنیایی به خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بدرابوایه له به‌ر چی ئه‌و نیگه‌رانییانه دروست ده‌بوو؟ به‌ڵام ئه‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا له به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، جێی مه‌ترسیی خه‌ڵكی كوردستانه به پێی ئه‌و ڕابردووه‌ی كه هه‌یه‌تی".
هه‌ڵوێستی توركیا له‌باره‌ی پرسی ئه‌مڕۆی عێراقه‌وه..
نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه توركیا هه‌میشه پابه‌ندبوونی خۆی به یه‌كپارچه‌یى خاكی عێراق نیشان داوه و هه‌میشه ئه‌وه‌ی دووپات كردۆته‌وه كه ئه‌و ئاماده‌یه كێشه‌كان له چوارچێوه‌ی عێراقدا به شێوه‌یه‌ك كه یه‌كپارچه‌یى خاكی عێراق ده‌پارێزێت چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ڵوێستی توركیا له‌مباره‌یه‌وه ڕوون وئاشكرایه به پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق وهه‌میشه‌ش هه‌وڵی داوه له یه‌ك ئاستدا به‌رامبه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كان بوه‌ستێت، توركیا بۆ ئێمه ده‌وڵه‌تێكی گرنگه و ئێستا قه‌باره‌ی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له نێوان ئێمه‌دا زیاتر له هه‌شت ملیار دۆلاره. ئێمه هیوادارین له بواری نه‌وت وغازیش یارمه‌تی و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات، توركیا ڕێگه‌ی ئێمه‌یه بۆ ده‌ره‌وه و هه‌رێمی كوردستانیش شوێنێكه ده‌كرێت بۆ توركیا و بۆ جیهان بۆ دابینكردنی وزه پشتی پێ ببه‌سترێت".
سوودمان له نه‌وت وه‌رگرتووه..
گرنگترین سوودی نه‌وت و بواری نه‌وتی له هه‌رێمی كوردستان به بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی دانانی ئه‌و هه‌رێمه بوو له سه‌ر نه‌خشه‌ی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت، ئه‌مه‌ش دهستپێكردنێكه بۆ شتی گه‌وره‌تر و گوتی: "به‌هاتنی ئه‌و كۆمپایایانه بۆ هه‌رێمی كوردستان به سه‌دان كه‌س دامه‌زراون و ده‌رفه‌تی كاریان بۆ دابین كراوه، ئه‌مه‌ش شتێكی كه‌م نییه، بۆ زانیاریش هیچ حكوومه‌تێك هه‌موو خه‌ڵكی خۆی دانامه‌زرێنێت و ئاسایی یه ئه‌گه‌ر ئێمه له ده‌ره‌وه په‌رستیار بهێنین چونكه ئێمه له‌و بواره‌دا كێشه‌مان هه‌یه. من چۆن ده‌توانم كه‌سێك به په‌رستیار دابمه‌زرێنم كه ئیشی ئه‌وه نه‌بێ، بێگومان پێویسته بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنه به شێوه‌یه‌كی كاتی كه‌سانێك له ده‌ره‌وه بهێنین. ناكرێ حكوومه‌ت هه‌موو شتێك بكات و له تواناشیدا نییه. ده‌گوترێ ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵك دابمه‌زرێندرێت و پرۆژه‌ش بكرێت، بودجه‌ی ئێستای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له به‌غداوه دێت له سه‌رووی 70% بۆ مووچه ده‌چێت، هیچ وڵاتێك به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه ناچێت و ئه‌مه‌ش ناكرێ، ئێمه به بودجه‌یه‌كی كه‌می حكوومه‌ت ناتوانین وڵاتێكی وێران، ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان و پرسی كورد له توركیا..
سه‌رۆكی حكوومه‌ت جارێكی دیكه ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه ڕۆڵی خۆی له هه‌ر چاره‌سه‌رییه‌كی ئاشتییانه‌ی پرسی كورد له توركیادا ببینێت و نیشانی دا كه هه‌رێمی كوردستان له پێشه‌نگیی هه‌ر كه‌سێك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی ئه‌و پرسه له توركیا.
مالیكی به ته‌وافوق بۆته سه‌رۆك وه‌زیران..
نێچیرڤان بارزانی له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له باره‌ی دوایین ڕێگه‌چاره‌ی ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆدا، ڕایگه‌یاند كه مالیكی خۆی به ته‌نیا نه‌بۆته سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵكو به ته‌وافوق و ڕێككه‌وتنی سیاسی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه و گوتی: "سه‌رۆك وه‌زیران چه‌ند كورسییه‌كی له په‌رله‌مان هه‌بووه و ئێمه پاڵپشتیمان لێی كرد، عێراق ئێمه پێكه‌وه دامانمه‌زراند له ساڵی 2003ه‌وه بناغه‌مان بۆی دانا، ئێمه هه‌موو ڕێگه‌یه‌كی دیپلۆماسی ده‌گرینه به‌ر و شه‌ڕی خۆمان له به‌غدا ده‌كه‌ین كه پایته‌ختی هه‌مووانه به كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو عێراق و به جێی ناهێڵین. ئێمه پشتگیری و پاڵپشتیمان له زۆربه‌ی لایه‌نه عێراقییه‌كانه‌وه هه‌یه كه زۆربه‌یان پاڵپشتیمان لێ ده‌كه‌ن، بۆیه هیوادارم به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه بگه‌ینه چاره‌سه‌ر. 80%ی عێراقییه‌كان ده‌نگیان بۆ ده‌ستوور داوه و له ده‌ستووریشدا ڕه‌فتاری به‌غدا و هه‌رێم دیاره و به‌رپرسیاریه‌تی ته‌نها له ده‌ستی مالیكی‌دا نییه، به‌ڵكو پێكهاته‌ی دیكه‌ش ئه‌مه‌ی له سه‌ر شانه. به‌داخه‌وه جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران مالیكی ده‌یه‌وێ بۆ پڕۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن سوود له‌و مه‌سه‌له‌یه وه‌ربگرێت كه به ناوی هه‌موو عه‌ره‌به‌وه قسه ده‌كات، ئه‌مه شتێكی زۆر ترسناكه چونكه ئه‌مه یه‌كه‌مین سه‌رۆك وه‌زیرانه له عێراق به‌م شێوه‌یه هانی عه‌ره‌ب بدات له دژی كورد. باشه من چۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقم و له دژی كورد هانی عه‌ره‌ب ده‌ده‌م؟! چۆن شتی وا ده‌بێ؟! دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه هه‌ولێر، به‌غدا، كه‌ركووك شاری عێراقین و ئه‌و برا عه‌ره‌بانه‌ی لێره‌ن پارێزراون و كورد ده‌یه‌وێ هه‌موو لایه‌ك به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه بژین".
نه‌وت و ئابووریی عێراق..
سه‌رۆكی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نیشانی دا كه عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی پشت به نه‌وت ده‌به‌ستێت بۆ ئابووریی خۆی و گوتی: "عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و ده‌بێ بونیادنانه‌وه‌ی له سفره‌وه ده‌ست پێ بكات و هه‌موو شتێك له ده‌ره‌وه بۆی دێت، ئێمه هیوادارین له كوردستان و له عێراق بتوانین پشت به شتی دیكه‌ی غه‌یره نه‌وت بۆ ئابووریی عێراق ببه‌ستین. ئێمه گرێبه‌ستی نه‌وتیی زۆرمان ئیمزا كردووه و ئه‌و ستراتیژه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌م كۆنفرانسه‌ش بۆ باسكردنی نه‌وت و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه".
پێشمه‌رگه بۆ به‌رگریكردن ئاماده‌یه..
نێچیرڤان بارزانى ئاماده‌یی پێشمه‌رگه‌ی بۆ به‌رگریكردن نیشان دا، به‌ڵام ڕایگه‌یاند كه كورد شه‌ڕناكات و خوازیاری شه‌ڕ نییه و پێشمه‌رگه‌ش ئه‌وه‌ی ناوێ، به‌ڵام پێشمه‌رگه ئاماده‌یه بۆ به‌رگری و گوتی: "ئه‌گه‌ر ئێمه چه‌كمان هه‌بێت ئه‌وه بۆ به‌رگریكردن له هه‌موو عێراق به كاری ده‌هێنین، ده‌بوایه ئه‌و قسانه‌ی كردی له كۆبوونه‌وه بیكردبا، نه‌ك له كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا، ئه‌گه‌ر بۆ هاندانی خه‌ڵك و دروستكردنی ڕق و كینه نه‌بێت، بۆ له كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌م شته باس ده‌كرێت. بێگومان به هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نییه. ئێمه هیوادارین به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار و هه‌موو لایه‌ك و وڵاتانی دراوسێ به ئه‌ركی خۆیان بمانگهیننه ئه‌نجامێكی ئه‌رێنى. ئێمه له‌وه بێ ئومێد نه‌بووین كه به شێوه‌ی دیالۆگ ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ببێت، سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆك كۆماری هه‌موو عێراقه و بێگومان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خاته گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان و ئێمه‌ش ئاماده‌ین ده جاریش بێت شاند بنێرین و داواش ده‌كه‌ین ده‌ستوور حه‌كه‌م بێت، چونكه بڕیاری مالیكی بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ناده‌ستوورییه و ئێمه ئاماده‌ی گفتوگۆین له به‌غدا یان هه‌ر شوێنێك و ئاماده‌ین ناده‌ستووریی دیجله بسه‌لمێنین، چونكه له ناوچه دابڕێندراوه‌كان میكانیزمێكی یه‌كگرتوو هه‌یه و ناكرێ هیچ كه‌سێك وه‌كو ئه‌وه‌ی مالیكی كردی یه‌ك لایه‌نانه و تاكڕه‌وانه بڕیار بدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ هه‌رێمی كورستان بكات، چونكه مومكین نییه ئه‌مه قابیلی قبووڵ بێت".
هیچ ناكۆكییه‌ك له نێوان یه‌كێتی و پارتیدا نییه..
نێچیرڤان بارزانی گوتی: پرۆژه‌یاسای دروستكردنی كۆمپانیای نه‌وتی نیشتیمانی ئێستا له په‌رله‌مانه و هیچ كاتێك یه‌كێتی و پارتی گرفتیان له سه‌ر ئه‌و شته له نێوانیاندا نییه، ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌ر چوو و ئێستا هه‌موومان به یه‌كه‌وه له به‌رده‌م شتێكی گه‌وره‌ترداین.




