٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش

سەرچاوە: KDP.info

لیژنەی باڵای هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وێڕای ئەوەی بە شێوەیەكی ئەرێنی پێكهێنان و كاروبارەكانی تاكوو ئێستای لیستی هاوبەشی حزبە كوردستانییەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و بەتایبەتیش لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا هەڵسەنگاند هەروەها ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پارتی و یەكێتی بۆ سەركەوتنی ئەم پێكهاتە یەكگرتووە كوردستانییە لە هیچ هاوكاری و پشتیوانییەك درێغی ناكات.

هەڵوێستی پارتی و یەكێتی بۆ یەك لیستی حزبە كوردستانییەكان لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رێكەوتی 3ی كانونی یەكەمی 2012، لە هەولێر، لە پێنجەمین كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دووپات كرایەوە.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی كۆبوونەوەكانی پێشووتر و، كاری لیژنە فەرعییەكان كراو چەند پرسێكی نوێش تاوتۆ كران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

لە لایەكی تریشەوە بڕیار درا ئەم كۆبوونەوە هاوبەشانە لەسەر ئاستی لیژنەی باڵا بەردەوام دەبێ و چەند پرسێكیش دیاریكران كە لەو كۆبوونەوانەدا تاوتۆ بكرێن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێ و رێوشوێن بۆ جێبەجێكردنیان دابنرێ.

جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی هەروەها كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش بە ووردی دوا پێشهات و لێكەوتەكانی قەیرانی نێوان بەغداد و هەرێمی كوردستانی تاوتۆ كرد و بە تایبەتیش لەسەر ئەو پرسانە هەڵوەستەی كرد كە پەیوەندییان بە مانەوەی تاكو ئێستای قیادەی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە و دوا لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵەوە هەبوو.

لەم چوارچێوەیەدا رێگەچارەی ئاشتی و دیالۆگ و پەیوەندی هاوپەیمانانەی كورد و شیعە دووپات كرایەوە و جەخت لەوە كرا كە هیچ هێزێك ناتوانێ ململانێكان بكاتە ململانێی نێوان ئەم دوو پێكهاتە هاوپەیمانە یان بیكاتە ململانێی نێوان كورد و عەرەب.

هەواڵی پەیوەندیدار