شوان محمد تەها: كێشەیەكی ئەوتۆ نییە بەناوی كێشەی هەولێر بەغدا بەقەد ئەوەی كێشەیەكی سیاسی لەهەموو عێراق هەیە

لەبەرامبەر ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ماوەیەكە لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتۆتە ئاراوە كە بەشێكیان دەگەڕێتەوە بۆ پرسی ناوچە دابڕاواكانی هەرێمی كوردستان ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی دەڵێت: پێویستە بە ڕێگای دیموكراسیانە گرفتەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام لە ئێستادا گرفتێك نییە بەناوی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بەڵكو كێشەیەكی سیاسی سەرتاسەری عێراقی گرتۆتەوە.
شوان محمد تەها ئەندامی پەرلەمانی عێرالە لیستی كوردستانی تایبەت بۆ(kdp.info)وتی: من پێموایە رەوشی سیاسی عێراق ئێستا زۆر ئاڵۆزە و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ نییە بەناوی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بەڵكو قەیرانێكی سیاسی هەموو عێراقی گرتۆتەوە لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق ئەو جۆرە قەیران و هاوكێشانەش دەیگرێتەوە، چونكە حكومڕانیكردنی عێراق حوكمڕانییەكی زۆر ناتەندروستەو ئەمە رەنگدانەوەیەكی نەرێنی لەسەر بارودۆخەكە دروستكردووە و كوتلەو لایەنەكانی عێراق هەمان كێشەی كوردیان هەیە بۆ نمونە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی و عێراقیە و هەندێ هاوپەیمانی نیشتمانیش لەناو دەوڵەتی یاسا هەمان كێشەیان هەیە ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئیدارەكردنی حكوومەت لە عێراق ناتەندروستە.
وتیشی: ئێمە ئەوە بەپێویست دەزانین كە رێگاچارەی دیموكراسیانە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانەی ئێستا عێراقی تێكەوتووە بگرینە بەر ئەمەش بەگفتوگۆ و لەیەك حاڵیبوون بەدی دێت.
سەبارەت بە ئەركی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چارەسەری قەیرانی عێراق ناوبراو وتی: ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رۆلێكی ناوبژیكەرانە دەگێڕێت ئەمەش هەڵوێستێكی گرنگە لەو كات و ساتەدا.




