بەیاننامەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەبۆنەی رۆژی جیهانی كەمئەندامان

بەبۆنەی رۆژی جیهانی كەمئەندامان 3/12 پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم كەمئەندامو خاوەن پێداویستیە تایبەت و كورتەباڵاكانی كوردستان دەكەین، وەك ئاشكرایە ئەم رۆژە لەهەموو دونیادا تایبەتمەندی خۆی هەیەو لەلایەن كەمئەندامو خاوەن پێداویستیە تایبەتەكانەوە بەشێوازی جیا جیا پێشوازی لێدەكرێت بۆیە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵاتیش وەك دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندیدار بەم توێژە بەئەركی خۆی دەزانێت كە لەم یادەداو لەرۆژی جیهانی كەمئەنداماندا پیرۆزبایان ئاراستە بكاتو هاوكات بەلێنیش دووپات بكاتەوە وەك چۆن لەرابردوودا خزمەتی كەمئەندامانی كردووەو هەوڵی بەدیهێنانی داواكاریەكانیانی داوە بەجۆرێك كە وەزارەتمان ماڵی دووەمی كەمئەندامان بووەو هەرواش دەبێت.
لە گرنگترین ئەو كارانەی كەجێبەجێ كراوە بۆ كەمئەندامان كەوەك دەستكەوتێك دەمێنێتەوە بۆیان پەسەندكردنی یاسایی كەمئەندامانە لەپەرلەمانی كوردستان، واتە بوونی یاسایەكی تایبەت بەكەمئەندامان كە مافەكانیان بپارێزێت لە چوارچێوەی یاساداو زیادكردنی مووچەی زیاتر لە 125 هەزار كەمئەندام بەپێی یاساو دیاری كردنی رێژەی كەمئەندامییان لەلایەن لێژنەی پزیشكی و هەروەها بەخشینی كەمئەندامان لەپێشینەی هاوسەرگیری و سوومەندبوون لەپێشینەی خانووبەرە دوو دەستكەوتی گرنگن بۆ كەمئەندامان كەلەچەند رۆژی رابردوو بڕیاری لەبارەوە درا، لەگەڵ ئەوەی هەموو كەمئەندامێك مافی ئەوەی هەیە چارەسەری پێویست وەربگرێت لەنەخۆشخانەكان بێ بەرامبەر، هەروەك رەچاوكردنی تایبەتمەندی كەمئەندامان كراوە لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوونو هەبوونی پشكی دیاری كراو لەو یەكانەداو تەرخانكردنی فەرمانبەری تایبەت لەهەر فەرمانگەیەك بۆ رایكردنی كاروباری كەمئەندامان و دابینكردنی رێژەی 5%ی دامەزراندن بۆ كەمئەندامان بەپێی یاساو لەچاپدانی فۆرمی تایبەت لەپرۆسەی دامەزراندن و چەندان مافی تر كەبۆیان چەسپَنراوە. دوا كاریش كەلەلایەن وەزارەتی كارەوە كرابێت بۆ كەمئەندامان هەمواركردنەوەی ئەو یاسایەیە كە لەماوەی رابردوودا بەهەوڵی وەزارەت بەدیهات بۆ كەمئەندامان كە تێیدا جارێكی تر داوای زیادكردنی مووچەی كەمئەندامان كراوە بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیانی رۆژانەو باشتركردنی رەوشی ژیانی كەمئەندامان لەهەرێمی كودستاندا. ئەگەرچی بەدێهێنانی ئەم دەستكەوتانە بۆ كەمئەندامان بەبێ كێشەو گرفت نەبووە، بەڵام وەزارەتی كار خزمەتكردنی كەمئەندامانو بەدیهێنانی داواكانیان لەگرینگترین ئەركەكانی خۆی دەزانێت. بەڵنیش دەدەین هەر كارێك لە داهاتوودا ئەركی ئێمە بێت وەك وەزارەتی كار لەخزمەتی كەمئەنداماندا بێت بەباشترین شێوە ئەنجامی بدەین كە لە بەرژەوەندی گشتی كەمئەندامان دا بێت.
وەزارەتی كار جەختدەكاتەوە لەسەر پێدانی ماف و ئیمتیازاتی زیاتر بۆ كەمئەندامان و تایبەتمەندیەتی لەپرۆژەكان و مافی راهێنان و بڕیاردران و جێبەجێكردنی بڕگەو ماددە یاساییەكان بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەكانی تری حكومەت. لەم بۆنەیەدا جارێكی تر جەختدەكەینەوە لەسەر هاوكاری بەردەوامی گشت لایەك و رێكخراوەكانی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ماف و داخوازییەكانی كەمئەندامان.
بۆ بەرزراگرتنی رۆژی جیهانی كەمئەندامان وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەڕێگەی بەرێوەبەرایەتیە گشتیەكان لەپارێزگاكانی هەولێر و سلێمانیو دهۆك مەراسیمی تایبەت بەو یادە سازدەكات كەسەرجەمی چالاكییەكانی ئەم یادەش خۆی لەتواناو بەهرە جۆر بەجۆرەكانی كەمئەندامان دەبینێتەوە چونكە كەمئەندامانیش داهێنەرن و لەڕێگەی پەیمانگاكانی تایبەت بەكەمئەندامان كەسەر بەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتین فێری شیاندن و راهێنان دەكرێن و توانا شاراوەكانیان دەخەنەڕوو.
لە كۆتایدا دووبارە پیرۆز بێت 3/12 رۆژی جیهانی كەمئەندامو خاوەن پێداویستیە تایبەت و كورتە باڵاكان بەو هیوایەین كەهەمووان پارێزەری مافەكانی كەمئەندامان بین. لەهەوڵی بەدیهێنانی دەستكەوتی زیاتردا بین بۆ كەمئەندامانو دابینكردنی ژیانو گوزەرانی شایستە بۆ كەمئەندامان بەئەركی خۆمان بزانین.
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی




