پەرلەمانتارێكی رەوتی سەدر: ئەگەری متمانەسەندنەوە لە مالیكی هەر ماوە

پەرلەمانتارێكی رەوتی سەدر جەختیكردەوە لەوەی هێشتا ئەگەری متمانە سەندنەوە لە نوری مالیكی هەر ماوە.
جەواد جبوری پەرلەمانتاری كوتلەی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر بە "خەندان"ی راگەیاند متمانەسەندنەوە لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران هێشتا هەر وەك یەكێك لە رێگەكانی چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكەی عیراق ماوەتەوە.
وتیشی: "ئەو هەنگاوانەی دواتر لەلایەن بەشداربووانی كۆبوونەوەكانی هەولێرو نەجەفەوە دەگیرێنەبەر، خزمەت بە بەرژەوەندی عیراقو هێزە سیساییەكان دەكەن".
راشیگەیاند پێویستە پەلەش نەكرێت لە گرتنبەری هەر رێوشوێنێك بۆئەوەی ئەو هەنگاوەكانی چارەسەركردنی كێشەكان لەبەرژەوەندی وڵاتدا بن.
جەواد جبوری تەئیكیدیكردەوە لەوەی متمانەسەندنەوە لەنوری مالیكی ئامانجی هێزە سیاسییەكان نییە، بەڵكو دەیانەوێت چاكسازی لە دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێكردندا بكەن.
رۆژی 28ی نیسانی رابردوو بە سەرپەرشتی مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی عیراقییەو ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەبارەت بە قەیرانە سیاسییەكەی وڵات لەشاری هەولێر كۆبوونەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە دواتر بە كۆبوونەوە پێنجقۆڵییەكە ناسرا، بڕیاردرا كۆمەڵێك خاڵی پەیوەست بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریو چاكسازیكردن لە شێوازی حوكمڕانیو پابەندبوون بە رێككەوتننامەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان، درا.
دواتریش ئەو داواكارییانە لەرێی نامەیەكەوە داواكارییەكان گەیەندرانە هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆئەویە لەماویە 15 رۆژدا جێبەجێیان بكات، بەوپێیەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران كاندیدی ئەو هاوپەیمانێتییە بووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش 17ی ئایار، دوا رۆژی مۆڵەتە 15رۆژییەكە بوو، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی رەسمی لەبارەی هەڵوێستی هاوپەیمانی نیشتیمانییەوە رانەگەیەندراوە.
رۆژی شەممەی رابردووش كۆبوونەوەی دووەمی هێزە سیساییەكانی عیراق بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هاوپەیمانی نیشتیمانیی، لە ماڵی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر ئەنجامدا.




