ڕووناکبیرێکی عەرەب، داوا دەکات عێراق بەسیستەمی کۆنفیدراڵی بەڕێوە بچێت و پێشمەرگەش نەبێتە بەشێک لەسوپای عێراق

ڕووناکبیر و ئەکادیمیستی بەناوبانگی عێراقی د. تەیسیر ئالووسی لەدیمانەیەکی تایبەت بە خەبات پێشنیاری سیستەمی کۆنفیدراڵیی بۆ عێراق کرد چونکە بەبۆچوونی ئەو کۆنفیدراڵیزم لەسوودی گەلی کورد دەبێت بە پلە یەک بۆ دانی سەربەخۆیی زیاتر بە هەرێمی کوردستانی عێراق لەڕووی خۆ بەڕێوەبردن بەتایبەتی لەڕووە سەربازییەکەوە بەوەی کە هێزەکانی پێشمەرگە سەربەخۆیی خۆیان هەبێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکە بەرپرسیار بێت لەسەر ئەو هێزانە و حکوومەتی بەغدا هیچ دەستێوەردانێکی تیادا نەکات ودووپاتیکردەوە ئەوانەی ئەمڕۆ حوکمی عێراق دەکەن ئەگەر پێشمەرگەیان خستەسەر وەزارەتی بەرگری ئەوا زۆر ئاسانە بۆیان جارێکی دیکە جاشایەتی دروست بکەنەوە و بە کورد شەڕی کورد بکەن ئەمەش لەلای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و زۆرینەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان هێڵی سوورە و کەس قبووڵی ناکات.
ئالووسی بۆ خەباتی دووپاتکردەوە کە ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ لەعێراقدا هەیە زەرەری بەپلە یەک بۆ عەرەبی عێراق هەیە چونکە هەرێمی کوردستان تەنها بەشێکی جوگرافیی ئەم عێراقە نییە بەڵکو ئەمڕۆ ئەم هەرێمە فاکتەری سەقامگیریی عێراقە.
هەروەها دووپاتیکردەوە ئەرکی ئەخلاقیی حکوومەتی عێراقە داوای لێبووردن لەگەلی کورد بکات لەبری ئەو تاوانانەی ڕژێمی سەددام لەدژی ئەو گەلە ئەنجامی دابوو تەنانەت سەندووقێکی تایبەت بە قەرەبۆکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجەو ئەنفال دابنێت بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوە 17% ی بودجە دەکاتە 12% و کەمتریشی دەکاتەوە تا دەگاتە 9.7% ئەمەش لەخۆیدا بە بۆچوونی ئالووسی گەورەترین هەڵەیە کە حکوومەتی عێراق بیکات.
ئالووسی نادەستووریبوونی هێزی دیجلەی دووپاتکردەوە و نیشانیدا پەیڕەوکردنی پرەنسیپی بەهێز ولاواز نەوەک متمانە بەیەکگرتوویی عێراق ناهێڵێتەوە بەڵکو عێراق لەبەریەک هەڵدەوەشێنێت و لێرەدا کورد مافی خۆیەتی داوای سەربەخۆیی بکات.
هەروەها ئالووسی جەخەی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەگەڵ ئەوەی ئەزموونی حوکمی دیموکراسی لەعێراقدا تازەیە بەڵام ئەوە بیانوو نییە بۆ کاربەدەستانی حکوومەتی عێراق بۆ بێبەشکردنی ئەم گەلە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەتایبەتی لەشاری بەسڕا کە ئەگەر بە تەواوی خزمەت بکرێت ئەوا دەبێتە دەوڵەمەندترین شاری عێراق هەروەها نەشیشاردەوە کە وڵاتانی ئیقلیمی کاریگەریی نەرێنییان لە بارودۆخی ئەمڕۆی عێراقدا هەیە و بەبەردەوامیی ئەو کاریگەرییە عێراق هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر سەروەریی خۆیدا نابێت.
محەمەد زەنگەنە
بۆ خوێندنەوەی دەقی دیمانەکە تکایە کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:




