نێچیرڤان بارزانى: قبووڵ ناكه‌ین ناوچه دابڕاوه‌كان یه‌كلایه‌نه به‌ڕێوه ببردرێن

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2ى دیسه‌مبه‌رى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له هه‌ولێر پێشوازى له ستیفن بیكرۆفت باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و دیدارى سه‌رۆك وه‌زیران نیشان دا، ئینجا هه‌ردوولا باسیان له ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى ناوچه دابڕاوه‌كان كرد و نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته سه‌ر ئه‌و گرفت و هۆكارانه‌ى بوونه‌ته مایه‌ى ئاڵۆزى و گرژى له ناوچه‌كه و ئاماده‌یى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و گرفته‌كان له ڕێگه‌ى دانیشتن و دیالۆگه‌وه به پێى میكانیزمه‌كانى ده‌ستوور ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه و ئێستاش پێى وایه ئه‌م كێشه‌یه ته‌نیا له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین كێشه‌كه ئاشتیانه و له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت.
سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌رێمى كوردستان له بڕوابوونى به چاره‌سه‌رى ئاشتیانه، هه‌فته‌ى ڕابردوو شاندێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى نارده به‌غدا و به مه‌به‌ستى گه‌یشتن به ئه‌نجامێكى گونجاو بۆ هه‌ردوولا ده‌ستیان به گفتوگۆ كرد كه تیایدا له‌گه‌ڵ لایه‌نى به‌غدا هه‌نگاوى باش و ئه‌رێنى چونه پیشه‌وه، به‌ڵام دواجار سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق هه‌موو خاڵه‌كانى ڕه‌ت كرده‌وه و به‌مجۆره دانوستانه‌كان وه‌ستان.
نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى دیجله‌وه ڕوون و ئاشكرایه و به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكه‌ین ناوچه دابڕاوه‌كان یه‌كلایه‌نه له لایه‌ن عیراقه‌وه به‌ڕێوه ببردرێن.
لاى خۆیه‌وه باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عیراق ده‌ستخۆشى له هه‌ڵوێستى سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان كرد كه هه‌وڵى جددى داوه بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كه به شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه و له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت كه ئه‌مه‌ش له گفتوگۆكانى هه‌ردوو شاندى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نى عیراقی‌دا به‌رچاو بوو به مه‌به‌ستى هێوركردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه و كاركردنى جددى له ڕێگه‌ى دانیشتن و دیالۆگه‌وه. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه هه‌ردوولا كێشه‌كان به ڕێگه‌ى دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بگه‌نه چاره‌سه‌رێكى گونجاو كه له به‌رژوه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و عیراقدا بێت.
له دوایین به‌شى دیداره‌كه‌دا باسیان له بابه‌ته‌كانى دیكه‌ى ناكۆكیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و به تایبه‌تیش مه‌سه‌له‌ى نه‌وت و گرفتى پێدانى مافى كۆمپانیا بیانییه‌كانى نه‌وت له لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه كرد و نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان له دۆسیه‌ى نه‌وتدا به پێى ده‌ستوورى عیراق ده‌جووڵێته‌وه و مافه ده‌ستوورییه‌كانى خۆى به كار ده‌هێنێت. باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكاش پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى له بوارى نه‌وتدا له نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراقدا كراوه ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند كه ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن.




