٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان داوایان له‌ بەریتانیا کرد، هەڵوێست لە حکوومەتی عێراق وەرگرن

سەرچاوە: KDP.info

سەرچاوەیەک لە بەریتانیا بە (  kdp.info) راگەیاند کە شاندێکی کۆنفڕانسی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە بەریتانیا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیان کرد و لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتەکەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا. هەر هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ئەم وەفدە تایبەت بە کێشەکانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها کێشەی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەیتانیان کرد و هەر بۆ هەمان مەبەست سەردانی بالویزخانەی عێراقیان لەبەریتانیا کرد. هەمان سەرچاوە رایگەیاند کە وەفدە کوردستانییەکە نامەیەکی ناڕەزایی لەرێگەی باڵوێزی عێراقەوە، ئاراستەی سەرۆک وەزیران لەبەغدا کردووە.

لەدرێژەی ئەم سەردانەکدا سەرجاوەکە بە (  kdp.info ) گوت  لە دانیشتنێکدا باس لە دواین پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرا و گفتوگۆی تێر و تەسەل لەباریان کرا.
شاندی ناوبراو ئاماژەیان بە دواین ڕووداوەکانی کوردستانی باشور کرد و تیشکیان خستە سەر دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و لەشکرکێشی سوپای عێراق دژی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان.
نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیان بۆ کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕوون کردەوە کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی دێسکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و عێراق و سوریا و تورکیا کە مەبەستی دروستکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە تێکدانی ئەو سەقامگیریەیە کە کوردستان بە خۆیەوەی دەبینێ و خۆ دزینەوەیە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستوری هەمیشەیی عێراق.
داواشیان لە حکوومەتی بەریتانیا کرد کە هەڵوێستی جیددی لەمەڕ ئەو هەنگاوە مەترسیدارانەی حکوومەتی عیراق وەرگرن و ڕێگە نەدەن بە گەڕاندنەوەی ئەو وڵاتە بۆ سەردەمی تاکڕەوی زوڵم و زۆرداری.
هەروەها داوایان لە حکوومەتی بەریتانیا کرد کە پاڵەپەستۆ بخاتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی دەستوری وڵات جێبەجێ بکات و پرس و کێشە سیاسییەکان بە هەڕەشەی سەربازی یەکلا نەکاتەوە.
هەر لەو کۆبوونەوە باسی بارودۆخی سوریا کراو دواتر شاندی کوردستانی جەختی لەسەر ڕۆڵی گەورەی لایەنەکانی سیاسی و گەلی کورد لە سوریا کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە بەریتانیا پشتگیری لە داواکانی گەلی کورد لە سوریا بکات لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
هەر لەو کۆبوونەوەیە بەریتانیا لە دوایین ڕێککەوتنەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی سوریا ئاگادار کرایەوە.
لە لایەکی تریشەوە شاندی کۆنفرانسی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەریتانیا سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی فیدڕاڵیان کرد.
لە دانیشتنێکدا لەگەڵ دکتۆر محی الدین التائی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی فیدڕاڵ و خاتوو تانیا سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانە باس لە دواین پێشهاتەکانی عێراق و کوردستان کرا.
شاندی کوردستانی نامەیەکی ناڕەزاییان بۆ نوری مالکی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بەرز کردەوە کە تیایدا داوای یەکسەر کێشانەوەی هێزە چەکدارەکانی سوپای عێراق دەکەن کە دوا بەدوای ڕووداوەکانی دوزخورماتو بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان هێنرابوون.
هەروەها داوایان لە حکوومەتی فیدراڵ کرد کە بە زووترین کات ماددەی 140 دەستوری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ بکات، چونکە ئەوە تەنیا چارەسەرە بۆ تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچەیە.
ئەوەشیان وەبیر مالیکی هێناوەتەوە کە لە ڕابردوودا ئەو جۆرە هەڵسوکەوت مامەڵەیە سوود بەخش نەبووە لەگەڵ گەلی کورد و هیواداریشن کە سوود لە ڕابردوو وەربگرێت و ڕێز لە ئیرادەی گەلی کورد بگرێت و کێشە سیاسییەکان لە ڕێگەی چەك و سوپاوە چارەسەر نەکات

هەواڵی پەیوەندیدار