ئەستەمبۆڵ .. کۆبوونەوەى لێژنەى پەروەردەی نیشتمانی بۆ دانانی پێوەرکانی خوێندن و فێربوون لەکوردستان

لە شاری ئەستەمبۆڵ لە تورکیا کۆبوونەوەکانی لێژنەى کارگێڕیی باڵای وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان و پسپۆرانی وڵاتی بەریتانیا، بۆ دانانی پێوەرەکانی خوێندن و فێربوون لە کوردستان لەگەڵ شارەزایانی "British council" بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردن و دانانی پێوەرەکان بۆ مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، بەشێوازێکی مۆدێرن و پەروەردەیی، بەئامادەبوونی هەردوو شارەزای پەروەردەی نێودەوڵەتی (ئاندی) و (پیتەر) و ژمارەیەک لە راوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی پەروەردە.
لەم بارەیەوە بەڕێز زیاد عەبدولقادر راوێژکار لە وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا گووتی: ئەم پرۆژەیە پارساڵ لەشاری کۆیە سەرکەوتووانە جێبەجێکرا، بۆ ئەمساڵیش لە سنووری پەروەردەکانی مەڵبەندی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و گەرمیان و شەقڵاوە و ئامێدی جێبەجێ دەکرێت و پاشان سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندن لە هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستێکی بەرز.
خەرجی ئەم پرۆژەیە لە ئەستۆی یەکێتی ئەوروپا دایەو لە رێگەیەوە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی ئاستی قوتابخانەو مامۆستا و بەڕێوەبەر وسەرپەرشتیارانی پەروەردەیی دیاری دەکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنی سەرجەم کۆسپ و تەگەرەکەکانی بەردەم پرۆسەى پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
دلێر ئیبراهیم- هەولێر




