سهرۆك بارزانى پیرۆزبایی و دەستخۆشی له پێكهێنانی لیستی هاوبەشی پارتە كوردستانییەكان دهكات

سهرۆك بارزانى له پهیجى تایبهتى خۆى له تۆرى كۆمهلایهتى فهیس بووك پیرۆزبایی و دەستخۆشی خۆى بۆ پێكهێنانی لیستی هاوبەشی پارتە كوردستانییەكان لە ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان راگهیاند.
سهرۆك بارزانى له پهیجى تایبهتى خۆى له تۆرى كۆمهلایهتى فهیس بووك نوسیویهتى : رۆژی 27-11-2012 پارتە كوردستانییەكان لە هەنگاوێكی مێژوویدا بڕیاری ئەوەیان دا، بە لیستێكی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی بەغداو سەرجەم ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان بكەن، ئەم هەنگاوە بە دەستكەوتێكی گرنگ دەزانم، بۆ زیاتركردنی خەرمانەی گیانی پێكەوەیی و هاوچارەنووسی لە بەجێگەیاندنی ئەركە دیموكراسی و نەتەوەییەكانمان.
بەم هەنگاوەش جاریكی دیكە ئەو راستییە سەلمێنرایەوە، كە رۆڵەكانی كوردستان بە جیاوازی ئینتیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژییانەوە، لەبەرامبەر چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان و رووبەڕوبوونەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی گرەو لەسەر پەرتەوازیی ریزەكانی لایەنە كوردستانییەكان دەكەن، لە ئاست بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی خۆیاندا دەبن و یەكڕیز دەبن، دڵنیام لەوەی دڵی هەموو كوردستانییەك بەم هەنگاوە شاد و خۆشحاڵ بووە.
بەپێویستی دەزانم دەرگای لیستی هاوبەش لەبەردەم هەموو ئەو خوشك و برایانەدا كراوە بێت، كە لە پێكهاتەی دیكەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبین لەو ناوچانەداو، باوەڕیان بە پێكەوەژیان و هاوچارەنووسی و دیموكراسییەت و لێبوردەیی و جێبەجێكردنی دەستوور هەیە.
هیوادارم كوردستانیانی خۆشەویست بە گوڕو تینیكی زۆرەوە لەئێستاوە پشتیوانی لەم لیستە بكەن.




