وەزیری كارەبا: بەتێچوونی 255 ملیار دینار پرۆژە لە پارێزگای دهۆك لەجێبەجێكردندایە

وێستگەی 29 مێگاواتی دهۆك بەگەڕخرایەوەو بەردی بناغەی چەند وێستگەیەك دانراو هەردوو بینایەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای دهۆك و دابەشكردنی كارەبای سێمێڵ كرایەوە
لەچوارچێوەی سەردانەكەی ئەندازیار یاسین شێخ ئەبوبەكر ماوەتی وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ پارێزگای دهۆك و بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی وەزارەتی كارەبا لەسنووری پارێزگای دهۆك ، وێستگەی 29 مێگاواتی بەگەڕخرایەوەو بەردی بناغەی سێ وێستگەی 132 كەی ڤی و پرۆژەیەكی هێڵی گواستنەوەی كارەبا دانراو، هەردوو بینایەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای دهۆك و دابەشكردنی كارەبای سێمێڵ كرایەوە.
ڕێكەوتی 27/11/2012 ئەندازیار یاسین شێخ ئەبوبەكر ماوەتی وەزیری كارەبا لەگەڵ شاندێكی وەزارەت لە دووەمین رۆژی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای دهۆك، لەلایەن بەڕێز تەمەر رەمەزان پارێزگاری دهۆك پێشوازییان لێكرا. لەو سەردانەدا كە ڕاوێژكارو ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی كارەبای دهۆك ئامادەبوون، وەزیری كارەبا باسێكی سەبارەت بە بارودۆخی كارەبا لەو شارە كردوو ئاماژەی بەو پلانە كرد كە وەزارەتی كارەبا توانیوێتی لە پارێزگاكە جێبەجێی بكات ، وە زۆر سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگی بەڕێز پارێزگاری دهۆكی كرد لەگەڵ وەزارەتی كارەبا كە بەرهەمەكەی بۆتە سەركەوتنی كارەكانی كارەبا لەدەڤەرەكە . دواتر هەر هەمان رۆژ وەزیری كارەبا بینایەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای دهۆكی كردەوە كە بەتێچوونی ملیارێك و 700 ملیۆن دینار بنیاتنراوە ، لەرێورەسمێكیشدا كە جێگری پارێزگاری دهۆك و ژمارەیەكی بەرچاو لەبەرپرسان و ئەندازیاران و تەكنیكارانی كارەبا ئامادەیبوون وێستگەی 29 مێگاواتی دهۆك بەگەڕخرایەوە ، لەوتەیەكدا وەزیری كارەبا باسی لەگرنگی بەگەڕخستنی ئەو وێستگەیە كرد كە دەتوانێت بڕی 24 مێگاوات كارەبا بخاتە ناو تۆڕی دابەشكردنی كارەبای كوردستانەوە، لە وتەكەیدا بەڕێزیان تەئكیدی لەسەر باش بەڕێوەچوونی پلانی وەزارەت كردەوە كە خۆشبەختانە توانراوە بەتێچوونی 255 ملیار دینار پرۆژە لە پارێزگای دهۆك بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمە جگە لەو پرۆژانەی تایبەت بەبواری دابەشكردنی كارەبا كە لە ڕێگای بودجەی ئاسایی و داهاتی وەزارەت وەزارەت ئەنجام دەدرێت ، وەزیری كارەبا كردنەوە 7 بەڕێوەبەرایەتی كارەبا لەپارێزگای دهۆكی راگەیاندو ئاماژەیبەوەدا كە ئەم بەڕێوەبەرایەتیانە رۆڵی باشیان لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان دەبێت. هەر هەمان رۆژ وەزیری كارەبا گەیشتە قەزای سێمێڵ و لەلایەن مازن محەمەد قایمقامی سێمێڵەوە پێشوازیی لێكراو لەكۆبوونەوەیەكدا باسیان لەگرنگترین ئەو پرۆژەو كارانە كرد كە وەزارەتی كارەبا بڕیارە ئەمساڵ جێبەجێی بكات، قایمقامی سێمێڵیش دەستخۆشی لەو گرنگیە كرد كە وەزارەت داوێتی بەناوچەی سێمێڵ و ئومێدی خواست لەبودجەی ئەمساڵیشدا كۆمەڵێك پرۆژەی نوێ لەم دەڤەرەدا جێبەجێ بكرێت.
لەچوارچێوەی سەردانی وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگای دهۆك ، وەزیری كارەبا لەگەڵ قایمقامی سێمێڵ بینایەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سێمێڵی كردەوە، وە پاشان هاوڕێ لەگەڵا قایمقامی سیمێڵ سەردانی كەمپی ئاوارەكانی دۆمێزی كردوو لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك كۆبووەو بڕیاری دا كە كارەبای كەمپەكە نەخرێتە ناو بەرنامەی كەمكردنەوەی ماوەكانی پێدانی كارەباو ستافێكی تایبەتیش بۆ چاكسازی و سەرپەرشتی كارەبای كەمپەكە دابین بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری كارەبا داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای دهۆك كرد بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم بڕیارو راسپاردەكانی تایبەت بەو كەمپە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش شاندی وەزارەت بەسەرپەرشتی وەزیری كارەبا بەردی بناغەی بۆ چەند وێستگەو هێڵێكی 132 كەیڤی دانا كەلەلایەن كۆمپانیای كارو میتاشەوە جێبەجێ دەكرێت ، سەرەتا لە دهۆك بەردی بناغەی پرۆژەی هێڵی 132 كەی ڤی بەكوژمەی( 43 ملیارو 571 ملیۆن و 961هەزار دینار ) دانا كە لەسەر بودجەی پلان و لەلایەن كۆمپانیای میتاشەوە لەماوەی 330 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت و دواتر بەردی بناغەی پرۆژەی وێستگەی 132 كەی ڤی لە شاخكێ بەگوژمەی (20 ملیارو 273 ملیۆن و 556 هەزار دینار )دانا؛ ئەم وێستگەیە وەزیری كارەبا سەبارەت بەگرنگی ئەم وێستگەیە كە لەماوەی 18 مانگدا لەلایەن كۆمپانیای كارەوە جێبەجێ دەكرێت بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند: وێستگەی 132 كەی ڤی رۆژئاوای دهۆك بەیەكێك لەو وێستگە گرنگانە دادەنرێت كە لەسەر بودجەی پلانی وەزارەتی كارەبا جێبەجێ دەكرێت و رۆڵی لەبەرزكردنەوەی توانای دابەشكردنی كارەبا لەپارێزگای دهۆك دەبێت ، داوای لەكۆمپانیای جێبەجێكاریش كرد وێستگەكە لەماوەی دیاریكراوی خۆی تەواو بكەن و پابەندی راسپاردەو رێنماییەكانی وەزارەت بن ، پاشان شاندی وەزارەتی كارەبا بەئامادەبوون و سەرپەرشتی وەزیری كارەبا بەردی بناغەی وێستگەی 132 كەی ڤی لە ێتیت دانرا، ئەم وێستگەیەكە كە لەسەر بودجەی پلانی وەزارەت بەگوژمەی (10 ملیارو 829ملیۆن و 607هەزارو 840دینار) لەلایەن كۆمپانیای كارەوە جێبەجێ دەكرێت رۆڵی لەو ئاوەدانی و ئەو فراوانییە هەیە كە رۆژهەڵاتی دهۆك بەخۆیەوە دەبینێت .




