قوتابخانەیەكی دوازدە پۆلی لە قەزای خەبات كرایەوە

جێی وەبیر خستنەوەیە یەکێک لە کێشەکانی بواری پەروەردە زۆری ژمارەی قوتابی و کەمی بالاخانەی قوتابخانەکانە، بەتایبەتی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری جدی بۆ پەرەپێدانی بواری فێرکردن و پەروەردە بە رێبازی پێشکەوتوو دەکات، هەروەها بەرنامەی هەیە قوتابخانەی زیاتر دروست بکرێت لەپێناوی کەمکردنەوەی چەند دەوامی لە یەک قوتابخانەدا. سەرچاوەیەک ( kdp.info) رایگەیاند کە ئەم قوتابخانەیە بە دیزاینێكی هاوچەرخ لەلایەن رێكخراوی قەندیلی سویدی، لەسەر بودجەی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بە گوژمەی 650 هەزار دۆلار بنیادنراوە.
ئەمڕۆلە رێورەسمێکدا بەئامادەبوونی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و زیاد عەبدولقادر نوێنەری وەزیری پەروەردەو رزگار مستەفا قائمقامی قەزای خەبات و عومەر حەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات، قوتابخانەی دلۆڤانی بنەڕەتی، كە قوتابخانەیەكی 12 پۆلییەو لەلایەن رێكخراوی قەندیلی سویدی بنیادنراوە لە مەراسیمێكدا كرایەوە. وێڕای بەرزنرخاندی رۆلی رێكخراوی قەندیلی سویدی لەدروستکردنی ئەم قوتابخانەیە و دروستكردنی چەندین پرۆژەی تر لە هەرێمی كوردستاندا، هیوای ئەوەیان خواست کە پەروەردە لە ئاستی باشتر خزمەتی قوتابیان بکات. جێی وەبیرهێنانەوەیە ، ئەم قوتابخانەیە بۆ ئاوارەكانی شاری موسڵ لە سنووری قەزای خەبات بنیادنراوە كە بەهۆی بارودۆخی دژواری موسڵ لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون.




