یەكشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لە بولگاریا چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن

بەرپرسێكی كورد رای گەیاند حەوتووی داهاتوو شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا دەگاتە بولگاریا و لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا لەلایەك و حكوومەتی بولغاریا لە لایەكی تر، تاوتوێی دۆخی ئێستەی سووریا دەكەن، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی دیموكراتی كورد لە سووریا دەڵێ، دوای سەردانەكەی ئەمەریكا تێڕوانینی وڵاتان بۆ كورد گۆڕاوە.
هێشتا دەسەڵاتی سووریا بە سەرۆكایەتیی بەشار ئەسەد نەهاتووەتە رووخان، بەڵام هەوڵەكان بۆ قۆناغی دوای ئەسەر بە چڕی بەڕێوە دەچن و كرود و عەرەبی ئەو وڵاتە لەسەر چەند پرسێك كۆك نین.
عەبدولحەكیم بەشار پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا ئەمڕۆ یەكشەم بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند، حكوومەتی بولگاریا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەوە بانگهێشتنی رەسمی ئاراستەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا و ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا كردووە بۆ سەردانی ئەو وڵاتە.
ئاشكرای كرد، بڕیار وایە رۆژی 27ی ئەم مانگە شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا كە لە 3 كەس پێك دێ و بەندە سەرۆكایەتیی دەكا بگەینە بولگاریا و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی دۆخی سیاسیی و شۆڕشی گەلانی سووریا بكەین.
ئاماژەی دا، هەر لە بولگاریا شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا لەگەڵ شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووریا كۆ دەبینەوە بۆ تاوتوێكردنی دوایین پەرەسەندنەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئێستەی سووریا.
مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی یەكێتیی دیموكراتی كورد لە سووریا بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند، ئەو بانگعێشتنەی بولگاریا لە چوارچێوەی بانگهێشتنی وڵاتانی دنیا بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا دێ، چونكە ئێستە دنیا گەیشتووەتە ئەو باوەڕی كورد لە سووریا پێكهاتەیەكی سەرەكییە و دەبێ بەپێی قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ.
"پاش بانگهێشتكردنی شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا بۆ ئەمەریكا لە سەرەتای ئەم مانگە، وڵاتانی دنیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریاش دید و بۆچوون و تێڕوانیان بەرامبەر بە كێشەی كورد لە سووریا گۆڕاوە بەوەی ئێستە هەموو لایەك پشتیوانی لە دۆزی كورد دەكەن" محەمەد گوتی.




