فەرەج حەیدەری: ناتوانین لە مانگی ئەیلوول هەڵبژاردن بەڕێوە ببەین

ئەمڕۆ دووشەممه سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد ناتوانن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان لەو كاتەی حكوومەتی هەرێم دیاری كردووە، بەڕێوە ببەن، هاوكات ئاشكرای كرد كە دوێنێ یەكشەم هۆی نەتوانینیانی بۆ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان روون كردووەتەوە.
ماوەی 7 ساڵە ئەنجوومەنی سێ پارێزگەكەی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی ئەنجام نەداوە، بەڵام حكوومەتی هەرێم رۆژی 27 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاری كردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانی كابینەی 7یش لە یەكەم كۆبوونەوەیدا لە مانگی نیسانی رابردوو دووپاتی كردەوە كە هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا بێتە ئەنجامدان.
فەرەج حەیدەری بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دوێنێ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبووینەوە و بۆمان روون كردنەوە كە كۆمسیۆن ناتوانێ لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم بەڕێوە ببا لەبەر چەند هۆیە كە لە نامەیەكا پێشتر حكوومەتی هەرێممان لێ ئاگەدار كردووەتەوە.
لەبارەی هۆكانی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەكە، حەیدەری گوتی، كۆمسیۆن تازە دروست نەبووە و نازانرێ تەمەنی كۆمسیۆنی ئێستە تا كەی بەردەوام دەبێ، فەرمانبەرانی كۆمسیۆن كە بڕیاربوو دابمەزرێن دانەمەزراون و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و قەوارەكان پێویستی بە راهێنان و خولی تایبەت هەیە كە نەكراوە.
"هۆی سەرەكیی نالەباری دۆخی سیاسیی عێراقە، چونكە لە ئێستەی عێراق ناتوانرێ هەڵبژاردنێكی رێكوپێك بەڕێوە بچێ، ئێمەیش نامانەوێ هەڵبژاردن ئەنجام بدەین تەنیا بۆ ئەوەی بگوترێ هەڵبژاردن كراوە، بۆیە ئەگەر گۆكسیۆنی ئێستە بمێنێتەوە، دەتوانین لە مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام بدەین" حەیدەری گوتی.




