٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نۆزدە لایەن پشتگیری لە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەررووداوێکی نەخوازراو

سەرچاوە: KDP.info

١٩ حزب و لایەنی سیاسی کوردستانی لە ھەولێر، لەبارەی ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵە سەربازییەکانی سوپای عێراق، بەتایبەت ھێزی دیجلە لەناوچە دابڕێنراوەکان کۆبوونەوە لەم بەیاننامەیەکدا رای ھاوبەشی خۆیان رادەگەیەنن.
رایدەگەیەنن: حکومەتی مالیکی ماوەیەکە بەبیانووی جۆراوجۆر ھێز دەھێنێتە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان و بۆئەم مەبەستە ئۆپەراسیۆنی ھێزی دیجلەی پێکھێناوەو، بەردەوام ژمارەی ھێزەکەی زیاد دەکات و چەکی قورس دەھێنێتە ئەم ناوچانە، ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی مالیکی بەھۆکاری سیاسییەوە بۆپاراستن و بنەبڕکردنی تیرۆر نییە، بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک و دەوروبەریەتی، ھەروەھا جووڵە پێکردنی بەردەوامی ئەو ھێزانە لەم ناوچانە پێچەوانەی دەستوور و ھەموو ئەو رێککەوتنانەیە کە حکومەتی عێراقی لە ماوەی رابردوو لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان و لایەنە عێراقییەکان کردوویەتی، سووربوونی مالیکی و گوێنەدانی بە ھەموو ھەوڵە ئاشتیخوازییەکان ھێندەی دیکە گرفتەکانی قوڵتر کردۆتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی سەروەری کوردستان و عێراق و خۆدزینەوەی حکومەتەکەی مالیکیە لە جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ و ھەموو ئەو ماددە دەستوورییانەی پەیوەندییان بە مافەکانی گەلی کوردستانەوە ھەیە، ئەمە جگە لەوەی ئەم جموجۆڵە سەربازییەی ھێزەکانی عێراق لەناوچە دابڕێنراوەکان ئاڵۆزی دروستکردووە، گەر رێگەی لێنەگیرێت و دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.

لەبەشێکی دیکەدا دەڵێن, بۆیە ئێمە ھاو ھەڵوێستین و لە سەنگەری جەماوەرداین و پشتگیری لە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەررووداوێکی نەخوازراو و ئامادەین بە ھەموو توانایەکمانەوە بەرگری لەھاوڵاتیانی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین، بۆیە دەبێ ھەموولایەکمان ھەستیاری بارودۆخەکە بەگرنگ وەربگرین و لێنەگەڕێین تەشەنە بکات و شەڕ رووبدات، کە ھەندێ لایەن و دەوڵەتانی ئەقلیمی پێیان خۆشە ببێ بۆ لەباربردنی بارودۆخەکە، لەھەمانکاتدا پێویستە حکومەتی عێراقی ھێزی دیجلە ھەڵبوەشێنێتەوە و ئەوھێزانە لەناوچەکەدا بکشێننەوەو، ھەروەھا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین چیتر خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی کوردستان نەدزێتەوەو ھەوڵبدات تەواوی کێشەکان بە گفتوگۆ دوور لە ھەڕەشە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی یەکلاییبکاتەوە، داوا لە پەرلەمانی کوردستانیش دەکەین بەزووترین کات کۆببیێتەوەو بڕیاری دروست لەبارەی ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی حکومەتی عێراقی بدات و لەبارەی گەڕانەوەی تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان بڕیاری پێویست وەربگرێ، ھەروەھا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەداھاتوو بۆ پاراستنی بەرژەندییەکانی گەلی کوردستان، سیاسەتێکی دیکە دابڕێژێ بۆ بەدەستھێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کوردستان

حزب و لایەنە سیاسییەکان:
پارتی رزگاری نەتەوەیی تورکمان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
بزووتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی رۆشنبیری تورکمان لە کوردستان
ئەنجومەنی نەتەوەیی کلدان
پارتی نیشتمانی ئاشووری
پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان
پارتی یەکێتی تورکمانی عێراق
پارتی رابوونی نیشتمانی
پارتی کۆماری کوردستان
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
پارتی چەپی کوردستان
حزبی دیموکراتی بێت نەھرێن
حزبی رزگاری کوردستان
پارتی پارێزگارانی دیموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی لیبراڵی تورکمان
پارتی دیموکراتی تورکمانی کوردستان
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDK

 

هەواڵی پەیوەندیدار