هاتوچۆی هەولێر و كەركووك تاوەكو ئێستا هیچ نووسراوێكیان بەدەست نەگەیشتووە
لەرۆژانی رابردوو لەچەند دەزگایەكی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان هەواڵی ئەو بڵاوكرایەوە كە گوایا بەپێی نوسراوێك كە بە بڕیاری نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەركراوە لەمەبەدواوە رێگە بەهیچ ئۆتۆمۆبێلێك كە تابلۆی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆكی پێوەبێت، رێگەیان پێنادرێت بچنە ناو شاری بەغدا، ئەمەش تاوەكو ئەو كاتەی كە سەرجەم ئەو جۆرە ئۆتۆمۆبێلانە بەفەرمی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق تۆمار دەكرێن، ئەگەر چی نوسراوەكە لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن وەكو خۆیی بڵاوكراوەتەوە بەڵام لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵkdp.info لیوا ئازاد ساڵح بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بێ ئاگایی خۆیی لە وەها بڕیارێك دەربڕی و گوتی بەهیچ شێوەیەك بە نووسراوی فەرمی هاتوچۆی هەرێم و پارێزگاكانی هەرێمی كورستان لە وەها بڕیارێك ئاگادار نەكراوەتەوەو هیچ نووسراوێكی لەوشێوەیەمان بەدەست نەگەیشتووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەگەر هاتوو ئەو بڕیارە راست بێت و بەفەرمی بەدەستیان بگات لیوا ئازاد وتی" ئەو كات بابەتەكە پەیوەست دەبێت بە هاتوچۆی گشتی و بەرێز بەڕێوەبەری هاتوچۆی گشتی هەرێمی كوردستان، ئەو کاتە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
لەلایەكی ترەوە kdp.infoپەیوەندی كرد بە مقەدەم (شوان ئیسماعیل) بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی كەركووك و ناوبراویش بێ ئاگایی خۆیی و بەرێوەبەرایەتییەكەی لەوەها بڕیارێك راگەیاند و گوتی تاوەكو ئێستا هیچ نووسراوێكی فەرمی لەوشێوەیەمان بەدەست نەگەیشتووەو لە وەها بڕیارێك ئاگادار نەكراوینەتەوە.
هەولێر- بڕوا بەرزنجی




