سەنتەرێكی راهێنانی گەشتیاری لە هەولێر دەکرێتەوە

بەمەبەستی برەودانی زیاتر بە بواری گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بەسەر پەرشتی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە پایەتەخت سەنتەرێكی پێشكەوتووی راهێنانی گەشتیاری دروست دەكرێت.
مەولەوی جەبار سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ(kdp.info) وتی" بەردی بناغەی سەنتەرێكی گەشتیاری پێشكەوتوومان لە شاری هەولێر دانا، كە گوژمەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكە یەك ملیار و پێنجسەد ملیۆن دنیارە و بریتییە لە سەنتەرێكی راهێنانی مۆدێرن بۆ ئەو كەسانەی لەبواری گەشتوگوزار كار دەكەن كە لەناو سەنتەرەكە شوێنی حەوانەوەو كافتریا و هەموو پێداویستییەكان هەیە.
گوتیشی" ئێمە لەكوردستان لەبواری راهێنانی گەشتیاری كەموكورتیمان هەیە و دروستكردنی سەنتەرێكی لەوشێوەیەمان بەپێویستزانی و پرۆژەی تریشمان لەو بوارە لە ناوچەكانی تر دەبێت و وابڕیارە دوای تەواوبوونی ئەو سەنتەرە شارەزایانی بواری گەشتیاری لە وڵاتە پێشكەوتووەکانەوە بێن و زانیاری بەكارمەندانی ئێمە بدەن بە ئامانجی پێشكەوتنی زیاتر لەو بوارە گرنگە.
هەولێر- بڕوا بەرنجی




