تارق جامباز: پێویستە یاسای جگەرەكێشان هەمواربكرێتەوە
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمان گلەیی لەبارەی جێبەجێنەكردن و بەدوادانەچوونی لایەنی پەیوەندیدار لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەبارەی ئەو یاسایانەی كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەكرێن و وەكو نمونەش ئاماژە بە یاسای قەدەغەكردنی جگەرەكێشان دەكات و دەڵێت پێویستە هەموار بكرێتەوە
تارق جامباز یاساناس و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ(kdp.info) گوتی" دەركردنی یاسا لە پەرلەمان كارێكی باش و گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكان بكرێت ئەگەر یاسایەك جێبەجێ نەكرێت ئەوا دەركردنی هیچ سوودێكی نابێت و ئێستا چەند یاسایەك هەیە كە پشتگوێ خراون لەبارەی جێبەجێكردنی و پێموایە كەمتەرخەمی لە لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان و ئەو فەرمانگەو وەزارەتانە هەیە كە پەیوەستن بەو یاسایانەوە.
جامباز گوتیشی" نمونە بۆ یەكێك لەو یاسایانەی تاوەكو ئێستا بەتەواوەتی جێبەجێنەكراوە یاسای ( قەدەغەكردنی جگەرەكێشان) ە و پێویستە بەهەر شێوەیەك بێت ئەو یاسایە هەمواربكرێتەوەو ئەو یاسایەی ئێستا هەیە كەموكورتی زۆری تێدایەو پێویستە لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان كار بۆ هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە گرنگە بكەن.




