گرنگی خۆراکی قوتابخانەیی لەپەروەردە باسکرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/11/2012 د. عیسمەت محەمەد خالید وەزیرى پەروەردەی حکوومەتى هەرێمی کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى رێکخراوى پرۆگرامی خۆراکی جیهانی(WFP) کرد کە پێکهاتبوو لە ئێدوارد کالۆن بەرپرسی ئۆفیسى پرۆگرامەکە لە عێراق و شاندێکی یاوەری.
لە میانی دیدارەکەدا شاندی پرۆگرامى خۆراکی جیهانی، گفتوگۆیان دەربارەى پرۆژەى خۆراکی قوتابخانەکان کرد، کە بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی 2013 بەهاوکارى وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێت و ئامادەکاریى پێویستیش لەم بارەیەوە دەکرێت.
وەزیرى پەروەردە ئاماژەى بۆ گرنگی خۆراکی قوتابخانەیی لە پەرەپێدانى جەستەیی و پەروەردەیی خوێندکاران کردو هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆژەى خۆراکی قوتابخانەیی بەسەرکەوتوویی لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکرێت.
هەروەها د. عیسمەت ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد کە پێویستە خۆراکی قوتابخانەیی جگە لە پسکویت، سەرجەم ئەو توخمە پێویستانەش بگرێتەخۆى کە گرنگن بۆ گەشەى هزرو جەستەى قوتابی و خوێندکاران.




