باڵوێزى پێشووى نۆرویژ لە فەلەستین: لەهەرێمی کوردستان هەست بەپێشکەوتنێکی گەورە دەکرێت

ئەمرۆ پێنچ شەممە 22/11/2012، دکتۆر حسن محمد سوورە جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان پێشوازى لەشاندێکى نۆرویژى کرد کە لەبەرێزان یان بەرگ باڵوێزى پێشووى نۆرویژ لە فەلەستین و ئەندامى پارتى لیبراڵى دیموکراتى و هیلگە ستیکس رێ ئەندامى پەرلەمان و رێکخەرى نێوان پەرلەمان و حکومەتى نۆرویژ و ئەندامى پارتى سۆسیال دیموکرات و خاتوو گروه ئۆلەرن بەرپرسی پارتى رادیکاڵ و پەرویز سەلیمى ئەندامى پارتى سۆسیال دیموکرات پێکهاتبوون،
لەدیدارێکدا کە سەرۆک و جێگر و ئەندامانى لیژنەى پێشمەرگە و شەهیدان و ئەنفال و جینۆسایدى پەرلەمان و راوێژکاران و بەرێوەبەرى گشتى پەرلەمان و وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوان ئامادەیبوون.
سەرۆکى شاندەکە خۆشحاڵى خۆیانى بە بارى سەقامگیرى و رەوتى ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانى هەرێمى کوردستان نیشان دا و ئەوەى خستە روو کە هەست بە پێشکەوتنێکى گەورە دەکرێ، دواتر ئامانجى سەرەکى هاتنى شاندەکەى بۆ هەرێم خستە روو لەپێناو پاڵپشتى کردنى بە نێونەتەوەیى جینۆسایدى گەلى کوردستان لەووڵاتى نەرویژ و لەمیانى سەردانەکەشیان شارى هەڵەبجە و ئاسەوارى کیمیابارانى هەڵەبجە وەک سیمبولى قوربانیدان و هەوڵى رژێمى دیکتاتۆرى بۆ جینۆسایدى گەلى کورد بەسەر دەکەنەوەو ئەزموونى پەرلەمانى و رەوت دیموکراسی و پێکەوە ژیانى هەرێمى کوردستانى بەرز نرخاند.
لەلایەن خۆشیەوە دکتۆر حسن محمد سوورە جێگرى سەرۆکى پەرلەمان وێراى بەخێرهێنان ستایشى ئامانجى کار و هاتنى شاندەکەى بەرز نرخاند و پوختەیەکى مێژوویى لەبارەى شۆرش و راپەرین و سەرهەڵدانەکانى گەلى کوردستان خستە روو کە سەرەراى ئەو هەوڵانەى بۆ جینۆساید و قڕ کردنى گەلى کوردستان لەلایەن رژێمى بەعس دەدرا، بەڵام کورد هەمیشە شێلگێرانە داواى مافەکانى کردوەو لەو کاتانەى سەربازانى رژێم بەدیل دەگیران کورد بەرێزەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکردن بەتایبەت دواى راپەرینى بەهارى 1991 کاتێ دەیان هەزار ئەفسەر و سەربازانى رژێم کەوتنە دەست هێزى پێشمەرگە و جەماوەرى کوردستان،
هەر لەدیدارەکەدا جێگرى سەرۆکى پەرلەمان لەبارەى کار و پێکهاتە سیاسی و نەتەوەیى و ئاینیەکانى پەرلەمانى کوردستان و رێژەى بەشداربوونى ئافرەتان بۆ شاندەکە قسەى کرد و دوا پەرەسەندنەکانى رەوشی عیراقى خستە روو ئەوەى راگەیاند پێویستە حکومەتى بەغدا پابەندى جێبەجێ کردنى دەستور بێت و گفتوگۆ و دیالۆگ شوێنى بەکارهێنانى هێز و ئەو لەشکرکێشیە بگرێتەوەو ئەزموونى شکستخواردووى رژێمى دارووخاو دووبارە نەکاتەوە.




