٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى: هیوادارین كێشه‌كان به‌ دیالۆگ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن

سەرچاوە: KDP.info

 پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى نۆڤه‌مبه‌رى 2012، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ى بۆ كۆمارى ئیسلامیى ئێران پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان سه‌ردانێكى سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و ئه‌و ساردى و لێكنه‌گه‌یشتنه‌ى ڕه‌وانده‌وه‌ كه‌ كه‌وتبووه‌ په‌یوه‌ندیى هه‌ردوولاوه‌. هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ سه‌ر هه‌بوونى په‌یوه‌ندیى باش و به‌تین له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و ڕایگه‌یاند كه‌ كۆمارى ئیسلامیى ئێران دراوسێیه‌كى گرنگه‌ و په‌ره‌پیدانى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و بازرگانى و هاوكارى له‌ بوارى وزه‌دا بۆ هه‌ردوولا سوودبه‌خشه‌.

نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سه‌ردانى د.سه‌عیدلوو جێگرى سه‌رۆك كۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رتاى قۆناغێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ قه‌ڵه‌م دا و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ردوولا له‌ سه‌ر نه‌هێشتنى ئه‌و گیروگرفتانه‌ى ده‌بنه‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان و هاتنى ئه‌و كۆمپانیا ئێرانییانه‌ى له‌ ئاستى جیهاندا كار ده‌كه‌ن و كاران بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕێككه‌وتوون و وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ى له‌ میانى كۆنفرانسى په‌ره‌پێدانى بازرگانى و ئابووریى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێراندا كراون، ڕاسپارد.

نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر به‌شداریكردنى له ‌كۆنفرانسى ووزه‌ و ئابووریى ئاتلانتیك كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى ئاتلانیتكه‌وه‌ له‌ ئه‌سته‌نبول  ڕێكخرا و ڕایگه‌یاند له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا كه‌ له‌ په‌راوێزى كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌ چوو، داكۆكى له‌ سه‌ر په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و بازرگانى و گرتنه‌به‌رى ئه‌و میكانیزمانه‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان باشتر ده‌كه‌ن، كراوه‌ته‌وه و گوتى: "حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چ له‌ ڕووى سیاسى و چ له‌ ڕووى ئابوورى و بازرگانییه‌وه‌؛ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیى باشى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێیدا هه‌بێت".

دواى ئه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یاساى بودجه‌ى 2013ى هه‌رێمى كوردستانى خسته‌ به‌ر باس و دواى گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل و خستنه‌ڕووى چه‌ند تێبینییه‌ك، بڕیار درا لیژنه‌یه‌ك بۆ داڕشتنه‌وه‌ى پڕۆژە یاساى بودجه‌ له‌ ڕووى زمانه‌وانیه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ى به‌شه‌كانى بودجه‌، دابمه‌زرێت.

ڕه‌وشى ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و ئه‌و پێشهات و ئاڵۆزیانه‌ى له‌ ئه‌نجامى دروستكردنى فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى دیجه‌له‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ى جووله‌ سه‌ربازییه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى سوپاى عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌؛ هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌، به‌ڵام پۆلیس و ئاسایش و هێزه‌كانى ناوخۆ بخرێنه‌ سه‌ر فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى دیجله‌وه‌ و سه‌قامگیرى و ئارامیى ناوچه‌كان تێك بدرێت، ئه‌مه‌ كارێكى ناده‌ستووریه‌ و مایه‌ى قبووڵ نیه‌. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه‌ كێشه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌، له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور چاره‌سه‌ر ببێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تیشكى خسته‌ سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستى و یه‌كڕێزیى هێز و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان ده‌رباره‌ى ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌رچه‌نده‌ كار و جووله‌كانى فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى یجله‌ مایه‌ى نیگه‌رانى و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌و كۆده‌نگى، یه‌كهه‌ڵوێستى و یه‌كڕێزیه‌ى ده‌رباره‌ى پرسه‌كه‌ له‌ ناو هێز و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كاندا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، مایه‌ى خۆشحاڵى و گارانتیى پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانیه‌تى.

له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان هه‌ماهه‌نگیه‌كى ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌فته‌ى چالاكیه‌كانى ڕووبه‌ڕوونه‌ى توندتیژى دژى ئافره‌تان كه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ست پێده‌كات بكه‌ن. هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ بڕیار درا هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ یادكردنه‌وه‌ى بیست و پێنج ساڵه‌ى كیمیابارنكردنى هه‌ڵه‌بجه، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زراه‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بكه‌ن تاكو یاده‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى شیاو‌ بكرێته‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار