٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەردۆغان: هیچ سۆز و بەڵێنێك بە ئوجەلان نەدراوە

سەرچاوە: KDP.info

دوابەدوای كۆتایی هاتنی مەسەلەی مانگرتن لە توركیا بە ئەمری عەبدۆڵلا ئوجەلان، زۆربەی هەرە زۆری میدیاكانی توركیا بانگەشەی ئەوەیان كرد كە بەرپرسانی دەوڵەت و میتی توركیا چەندین جار لە دووڕگەی ئیمراڵی لەگەڵ ئوجەلاندا چاوپێكەوتنیان ساز كردووە و بۆ ئەوەی كە ئوجەلان بە گیراوەكان بڵێت كۆتایی بە مانگرتن بهێنن، چەندین سۆز و بەڵینیان بە ئوجەلان داوە.

لەم بارەیەوە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە كاتی گەڕانەوەی خۆی لە میسردا لە فڕۆكەخانەی ئەستەنبووڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا كە بۆ كۆتایهێنان بە مەسەلەی مانگرتن چەندین جار بەرپرسانی میت و وەزارەتی دادی توركیا لە ئیمراڵی لەگەڵ ئوجەلاندا چاوپێكەوتنیان ساز كردووە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم چاوپێكەوتنانە بە ئاگاداری سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی توركیا پێكهاتوونە، بەڵام هیچ سۆز و بەڵێنێك بە ئوجەلان نەدراوە.

لە وەڵامی پرسێكدا كە ئایا ئەگەر ئوجەلان نەبووبایە ئەو مەسەلە كۆتایی پێدەهات؟ ئەردۆغان وتوویەتی" ئەمە چالاكییەكی نادیموكراتیك بوو، بۆیە دەبوایا زوو كۆتایی پێهاتبا، ئەوان وەكو دەوڵەت هەر جۆرە هەوڵێكیان بۆ كۆتایهێنان بەو مەسەلەیە داوە بەڵام، هەوڵەكانیان بێ ئەنجام ماون.

هەر سەرباەت بە مەسەلەی مانگرتووان و كۆتایی هێنان بە مەسەلەی مانگرتن، وەزیری تەندروستی توركیاش رایگەیاند كە لە كاتی مانگرتنەكەدا شت و مەكی خواردنی قەدەغە كراو بە مانگیراوەكان دراوە و ئێستا وەزارەتی تەندروستی توركیا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن و تا بزانن كە ئەم مادە قەدەغە كراوانە لە لایەن چ كەسێك یا خۆ لە لایەن كامە دەزگای پەیوەندیدارەوە بە مانگیراوەكان دراون.

سەرچاوە. خەبەرلەر

هەواڵی پەیوەندیدار