٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیەندراوى کۆبوونەوەى هاوبەشى هەر دوو مەکتەبى سیاسى پارتى و یەکێتى

سەرچاوە: KDP.info

ئەمرۆ رێکەوتى 20/11/2012 لە سەڵاحەدین بە سەرپەرشتى بەرێزان سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانى هەر دوو مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانیى کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەت گفتوگۆیان لە سەر کراو بیروڕایان لە سەر ئاڵوگۆڕکرا .

سەرەتا سەبارەت بە پەیوەندی هەر دوولا تەئکید لە سەر رێککەوتنى ستراتیژى کرایەوە کە چۆن دروستبوونەکەى زەرورەتێک بوە ، ئێستاش لەم قۆناغە هەستیارەدا پاراستنى و گەشەپێدانى بە زەرورەت زانرا لە پێناو خزمەتکردنى بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵکى کوردستان .

تەوەرى دووەمى گفتوگۆ سەبارەت بەو گرژییە دروستکراوەى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەندێ لایەنى دەسەڵاتدارى حکومەتى فیدراڵ ئەنجام درا ، بە تایبەتى دروستکردنى ئۆپەراسیۆنى دیجلە و جولە پێکردنى چەند یەکەیەکى سوپاى عیراقى بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان کە وێراى رەتکردنەوەى ، بە هەوڵێکى تێکدەرانە زانرا ، چونکە دژى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلانى عیراق و دەستوورى هەمیشەیی و هەروەها دژى پەیوەندییە دێرینیەکانى نێوان گەلى کورد و شیعەى عیراق دەزانرێ ، بۆیە تەئکید لەوەکرایەوە کە پێویستە هاوپەیمانى نیشتمانی لە خەمى پاراستنى ئەم پەیوەندى و دۆستایەتیەدا بێت و رێگە نەدات ئەو پەیوەندییە بکرێتە قوربانى ویست و خواستى چەند کەسانێک و بە پێویستیش زانرا هەموو رێکارێکى پێویست بگرێنە بەر بۆ چارەسەرکردنى ، لە وانە گفتوگۆ کردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندارەکانى پرۆسەى سیاسى .

سەبارەت بە پەیوەندى لەگەڵ خوشک و برایانى تورکمانیش ، لێک نزیکبوونى زیاتر و باشترکردنى ئەو پەیوەندییە بە زەرورەت زانراو بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا هەنگاوى پێویست لەم رووەوە بهاوێژرێ کە بەرژەوەندى هەموو لایەکى تیا پارێزراو بێت .

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هەڵوێستى ناوخۆى کوردستان لە ئاست ئەو تەنگژەیەدا ، یەکریزى و یەکهەڵوێستى هەموو لایەنەکانى بەشدار لە پرۆسەى سیاسى کوردستاندا بە گرنگ زانرا و تەقدیرى ئەو یەکهەڵوێستییە کرا کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و جەماوەرى کوردستان نواندویانە لە بەرامبەر گرژی و کێشەکانى ئەم دواییە و هەر وەکو تەقدیرى ئامادەکارى و حەماسى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کرا .

لەبارەى پەیوەندییەکانیش لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ زور بە وردى باسکران و تەئکید لەوەکرایەوە کە هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ بۆ دروستکردنى کەش و هەوایەکى لە بارو دۆستانەى زیاتر بۆ ئەوەى تەواوى کێشەکانى پەیوەندار بە مافەکانى گەلى کورد لە پارچەکانى دیکەى کوردستان لە رێگەى گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن .

ئەمەو کۆبوونەوەکە بڕیارى دا کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان بەردەوامیان هەبێت .


یەکێتى نیشتمانیى کوردستان                     پارتى دیموکراتى کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار