رەچاو دەکرێت ساڵی هاتوو قەڵای هەولێر بخرێتە لیستی شوێنەوارەكانی جیهان

زیاتر لە شەش ساڵە رێكخراوی یونسكۆ كار لە نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر دەكات كەلەبەر ئەوەش بوو دانیشتووانی سەر قەڵا گواسترانەوە بۆ گەرەکێکی نوێ و قەرەبوو كرانەوە. سەبارەت بە كارەكانی ئەو پرۆژەیە بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر دەڵێت ئێستا كاركردن بەردەوامەو دە ساڵی دیکەمان پێویستە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەکە.
حەیدەر حەسەن بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر بۆ(kdp.info) گوتی "ماوەی شەش ساڵە رێكخراوی یونسكۆ دەستی بەکاردووە و بەردەوامیشە لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، كە یەكێكە لەدێرینترین شوێنەوارەکانی جیهان، کە تا رۆژی ئەمڕۆکە مرۆڤی تێدا ژیاوەو ئێستاش چەندین خانوو نۆژەنكراونەتەوەو كاركردنیشی تێدا بەردەوامە.
گوتیشی "كارەکانی یونسكۆ بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، سوودی بۆ ناساندنی قەڵای هەولێر لە لیستی شوێنەوارەكانی جیهان دەبێت و هەرچەندە ئێستا بەشێوەیەكی كاتی قەڵای هەولێر لەو لیستەدایە بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی ئایندەدا بەفەرمی بناسێنرێت و بخرێتە لیستی شوێنەوارە فەرمییەکانی یۆنسکۆ.




