جۆ بایدن هۆشداری دەداتە مالیکی : شەڕکردن لەگەڵ پێشمەرگە هێلی سوورە

لەکاتێکدا ئاڵۆزیەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان رووەو ئاڵۆزی دەڕوات بەتایبەتی لەناوچە کێشە لەسەرەکان وەک ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین و جەلەولاو دیالە و ئەو ناوچانەی دەکەونە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری بەغدا کەلەرووی مێژوویەوە ناوچەی کورد نشین بوونەو ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالیکی بەپشت بەستن بەپاشماوەی بەعسیەکان هەڕەشە لەم ناوچانە دەکات وەک بەکارهێنانی فەریق عەبدولئەمیر زەیدی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بۆ ئەم مەرامە سیاسیە کەلەم دواییە بەبێ رەزامەندی پەرلەمانی عێراق مالیکی فەرمانی دامەزراندنی ئەم ئۆپەراسیۆنەی دا
ئەمەو ڕۆژنامەی سیاسەی کوەیتی ئاشکرای کردووە کەدیبلۆماتکارانی ئەمریکا لەبەغدا لەهەوڵی جددی دان بۆ پەیوندی کردن بە بارزانی و مالیکی لەپێناو چارەسەر کردنی کێشەکان لەناوچە جێناکۆکەکان .
جێگای باسە لەسەرزاری سەرچاوە کوەیتیەکە ئاماژە بەوە کراوە کەبەرپرسانی کورد پێیان وایە چارەسەری کێشەکە لەرێگای بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچە جێناکۆکەکان تاکە چارەسەرە بۆ هێور بوونەوەی باروودۆخی ئەم ناوچانە بەڵام مالیکی ئەم پێشنیارەی رەت کردۆتەوە لەکاتێکدا جۆبایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەرپەرشتی دۆسیەی عێراق دەکات ئامادەیی و ڕەزامەندی ئەمریکای نیشانداوە لەسەر پێشنیاری کوردەکان لەمەر جێگیر کردنی هێزەکانی ئەمریکا لەم شوێنانە (ناوچە جێناکۆکەکان ) چونکە ئەمریکیەکان رێگا نادەن ئاڵۆزی بکەوێتە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی لەو ناوچانە و بەبەرژەوەندی ئەمریکای نازانن کەماوەی 10 ساڵە سەرپەرشتی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکەن هەربۆیەش جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەتوندی هۆشداری داوەتە مالیکی کە شەڕکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هێلی سوورەو لەکاتی بەرپابوونی هەر شەرێکیش ئەگەری ئەوە هەیە هێزەکانی ئەمریکا تەداخول بکەن .
لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا بڕوایەکی تەواوی هەیە کە جوڵاندنی هێز لەلایەن مالیکیەوە بە فیتی سووریاو وڵاتی ترەوەیە و ئامانجی مالیکیش لەم مانۆرە سەربازیە لێدانی بەرژەوەندیەکانی تورکیا و وڵاتانی کەنداوە کەئێستا بوونێکی بەرچاویان هەیە لەهەرێمی کوردستاندا جگە لەوەی مالیکی دەیەوێت بەبیانووی پاراستنی خاکی عێراق عەرەبە سوننەکانی عێراق بۆ خۆی رابکێشێت لەکاتێکدا ئەیاد عەلاوی سەرۆکی لیستی ئەلعیراقیە کەبەشێکی زۆری سوننەکانی عێراقی لەگەڵدایە لایەنگیری هەرێمی کوردستان وبۆ چوونەکانی بارزانیە و دژی ئەو سیاسەتەی مالیکیە کەبەرامبەر هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات
وەرگێڕانی : ئاریان ابراهیم شوکت




