وەزیرێکی بەریتانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دیدگەی ئەرێنیەی ئێمە بووە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و سەركەوتنەكانی

لەندەن : لە چوار چێوەی ئەو سەردانەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی كشتوكاڵی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و بەریتانیا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە چاوی كەوت بە بەرێز ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتانی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا. شاندی باڵای هەرێمی كوردستان جگە لە فەلاح مستەفا پێكهاتووە لە پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و نەورۆز مەولوود بەرێوبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان و بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا.
لە دیدارێكدا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەو ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتانی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا باسیان لە چونیەتی پتەوەكردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كرد، لەم رووەوە وەزیری بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە سازكردنی كۆنگرەی كشتوكاڵی هاوبەش لە لەندەن و گوتی: بوونی كونسڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و بەرفراوانكردنی كارو ئەركەكانی لە ئەنجامی ئەو دیدگە ئەرێنیەی ئێمە بووە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و سەركەوتنەكانی ، هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و سازكردنی ئەم كۆنگرەیەش نیشانەی بایەخ وگرنگیدانی بەریتانیایە بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وەلیام هیگ لە مانگی رابڕدوو رایگەیاند كە لە ئەنجامی ئامارێكی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بۆیان دەركەوتووە كە هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەسەر راكێشانی سەرنج و بایەخی كۆمپانییە بەریتانییەكان و ئەمەش بووە هۆی هاندانیان بۆ وەرگرتنی بڕیاری بەرفراوانكردنی دەستەی كونسڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەولێر.
لەلایەن خۆیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی و داوای بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان هەردوولای كرد و ئامادەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی دەربڕی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لە پێناو سەرخستنی كار و ئەركەكانی كونسڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەولێر.هەروەها ئامادەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی بۆ پێش كەش كردنی هەر ئاسانكاریەك بۆ ئەو كۆمپانییە بەریتانیانە كە دەیانەوێت لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەشداربن.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا باسیان لە قەیرانی سیاسی لە عیراق و ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە رووبەرووی پرۆسەی سیاسی بوینەوە و رەوشی ناوچەكە بە گشتی و رەوشی سوریا بەتایبەت كرد، لەم بارەیەوە فەلاح مستەفا ئاماژە بە هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دا كە هەمیشە پێداگری لەسەر پێگیربوون بە دەستوور و پەنابردن بۆ دیالۆگ و رێگە چارەی ئاشتیانە دەكات مەبەستی چارەسەكردنی كێشەكان، سەبارەت بە رەوشی سوریاش بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاند : هەرێمی كوردستان تا ئێستا نزیكەی 40000 پەنابەری سوری وەرگرتووەو ئەگەر رەوشی مرۆڤایی لە سوریا بەم شێوە ئاڵوزە بەردەوام بێت ، لەوانەیە ئەم رێژەیە رووی لە زیادبوون بكات.
هەروەها فەلاح مستەفا داوای لە بەریتانیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن لەبارەی ئەم رێژە زۆرە لە پەنابەرانی سوریا و گوتی : هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە قەیرانی سوریا روون وئاشكرایە كە پێویستە گەلی سوریا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و ئایندەی خۆی دیار بكات،وگوتی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان لایەن ئۆپزسیۆنەكانی كوردی لە سوریا هان دەدات بۆ ئەوەی یەك بگرن و بەشداری لە ریزەكانی ئۆپزسیۆنی سوریا بكەن بە ئامانجی دابینكردنی مافە رەواكانیان لەم وڵاتە.




