ئێستا بۆ ئەو لایەنانە روونبۆتەوە کە بەھێزبوونی ئەو حکومەتەی ئێستای بەغدا ھەرەشەیە بۆ کوردستان

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند, ئەو کاتەی سەرۆکی ھەرێم رایگەیاند, کوردستان لەلایەن ئەو ئەقڵیەتەی ئێستا لە بەغدا دەسەڵاتیان بەدەستە ھەرەشەی لەسەرە, ھەندێ لایان بە کێشەی کەسی لێکدانەوەیان بۆکرد, بەڵام ئێستا بۆیان دەرکەوتووە, وتیشی, ئەو کاتە ئەو لایەنانە زیاتر بەرگریان لە قسەکانی نوری مالکی دەکرد.
سەعید خۆشناو لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بە پەیامنێری راگەیاندووه: کاتی خۆی سەرۆکی ھەرێم دووربین بوو لەوەی رایگەیاند ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی ئێستای بەغدا مەترسی لەسەرە, بەڵام ھەندێک لایەن وایان لێکدایەوە کە ئەمە کێشەی کەسی یا کێشەی بەرژەوەندی و نەوتە, بۆیە سەرۆکی ھەرێم روونیکردەوە کە کوردستان مەترسی لەسەرە ئەگەر بێتو حکومەتەکەی مالکی زیاتر بەھێز بێت, شەڕ بە کوردستان دەفرۆشێت, ھەربۆیە ئەو کاتە گوێیان پێنەدا متمانە لە نوری مالکی بسەنرێتەوە.
وتیشی: لەبەرامبەردا مالکی رایگەیاند کە لایەنەکانی کورد پشتگیری من دەکەن تەنھا چەند لایەنێک نەبن, بەڵام ئێستا بەدەرکەوت کە ئایا سەرۆکی ھەرێم لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان یان بەرژەوەندی خۆی ھەوڵی دەدا؟
ئاماژەیدا: ھەندێ لایەن کاتێک داوایان لێدەکەیت یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بن وەکو پێویست بەپێل داواکە نایەن, بەڵام ئێستا تێگەیشتوون, ئەوان پێشتر زیاتر بەرگریان لە قسەکانی نوری مالکی دەکرد, بەڵام ئێستا لەدژی ئەو قسە دەکەن, بۆیە لێرە دەردەکەوێت کێ خەمخۆری کورد بووە, بۆیە من بۆچوونم وایە دەبێت ھەموولایەنەکانی کورد یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بین, بۆ ئەوەی ئەو مەترسییەی لەسەر کورد ھەیە نەیھێڵین چونکە ئەوان ھیچ شتێکیان نییە لەدەستی بدەن بەڵام زیان بە ئێمە دەگات.




