ده‌قى وتار‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له کۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تی وزه (له هه‌ولێره‌وه بۆ جیهان)

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز...
میوانه به‌ڕێزه‌کان...
به‌یانیتان باش و هه‌موولایه‌ک به‌خێربێن بۆ هه‌ولێر پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستانی عیراق.
به‌خێرهاتنى به‌رێز تانه‌ر یه‌ڵدز وه‌زیرى وزه و سامانه سرووشتیه‌کانى کۆمارى تورکیا و بالیوز مدحت بالکان سه‌رۆکی رێکخراوی ستیم و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ده‌که‌م بۆ ئاماده‌بونیان له‌م کۆنفرانسه.
خۆشحاڵم و به‌خته‌وه‌رین به به‌شدارى کردنى به‌رپرسانى حکومه‌تى فیدڕاڵ و به‌ڕێزان پارێزگارى که‌رکوک و پارێزگارى نه‌ینه‌وا له‌م کۆنفڕانسه گرینگه‌دا به‌شداریان کردووه به‌خێربێن.
به‌خێرهاتنى گه‌رمى هه‌موو کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و دیپلۆماتکاران و میوانه به‌ڕێزه‌کان ده‌که‌م. وسوپاسی رێکخراوی ستیم ده‌که‌م بۆ رێکخستنی ئه‌م کۆنفرانسه گرنگه له هه‌ولێر.
به‌ڕێزان...
ئێمه وه‌ک حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زۆر خۆشحاڵین بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته و ئه‌نجامدانى یه‌که‌مین کۆنفراسى نێوده‌وڵه‌تى وزه له هه‌ولێر. هاتنى کۆمپانیا جیهانیه‌کانى بوارى وزه و به‌شدارى کردنیان له‌م بۆنه‌یه‌دا گرینگى و بایه‌خى تایبه‌تى خۆى هه‌یه. ئومێده‌وارین سه‌رچاوه‌کانى وزه و سامانه سرووشتیه‌کان ببێته مایه‌ى به‌خته‌وه‌رى و خۆشگوزه‌رانى زیاتر بۆ سه‌رجه‌م گه‌لانى عێراق.
ئاماده‌بوونى جه‌نابى وه‌زیرى ووزه‌ى تورکیا و هاتنى برایانمان له تورکیاوه بۆ ئه‌م کۆنفڕانسه، ئاماژه‌یه‌کى گرینگ و به‌رچاوه بۆ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى له بوارى وزه و سامانه سرووشتیه‌کان له نێوان هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌شه که‌وا چۆن ده‌توانین به‌ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندى مێژوویی و که‌لتوریمان پاڵپشتى ئه‌م بواره گرینگه بین له هه‌رێمه‌که‌مان.
کاروچالاکیه ئابوورى و بازرگانیه‌کان زۆرجار ده‌کرێ ببێته پێشه‌نگ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ته‌نگژه سیاسییه‌کان و هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ دروست کردنى په‌یوه‌ندیه‌کى پته‌و له‌ڕووه جیا جیاکانى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌یی و لایه‌نه‌کانى تر‌ى ژیان. ئێمه زۆر به‌ڕوونى ئه‌وه‌مان بینى که له ئاکامى ئه‌و کارکردن و په‌یوه‌ندیه ئابووریه به‌هێزانه‌وه ده‌کرێت ده‌ستکه‌وتى سیاسى گه‌وره به‌ده‌ست بهێنرێت.
له‌ئێستاشدا ئه‌و جموجۆڵه ئابووریه به‌رچاوه‌ى تورکیا و ئاره‌زووى ئه‌و ووڵاته بۆ بوونى به یه‌کێک له ده ووڵاته‌ی ئابووریه به‌هێزه‌که‌ى جیهان، بۆ ئێمه بایه‌خێگى گه‌وره‌ى هه‌یه، له‌م رووه‌شه‌وه تورکیا ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌کى نموونه‌یی بۆ هه‌رێمى کوردستان و ته‌واوى عیراق.
به‌ڕێزان...
له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردوو له ده‌رئه‌نجامى ژینگه‌یه‌کى له‌بار و یاساى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم، تورکیا وه‌به‌رهێنه‌رێکى گه‌وره‌ى بووه له هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجام داوه، هه‌رئه‌مه‌ش واى کردووه که ئه‌مڕۆ ئه‌و ووڵاته ببێته گه‌وره‌ترین هاوبه‌ش و وه‌به‌رهێنه‌رى بیانی له هه‌رێمی کوردستاندا.
له‌ماوه‌ى رابردوو و له‌میانه‌ى ووتوێژه‌کانمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌کانمان له کۆمارى تورکیا، ئێمه باسى زۆر بابه‌تى گرینگمان کردووه که گرینگن بۆ یارمه‌تى دانمان له مسۆگه‌ر کردنى عێراقێکى سه‌قامگیر و ئارام و خۆشگوزه‌ران له ئاینده، هه‌روه‌ها ئاماژه‌مان به‌و رۆڵه گرینگه کردووه که عێراقێکى دیموکراتى فیدڕاڵى سه‌قامگیر ده‌توانێ له‌ناوچه‌که‌دا بیگێڕیت، که هه‌موو ئه‌وانه‌ش سوود و به‌ژه‌وه‌ندى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى هه‌یه‌بۆ هه‌ردوولا .
له‌بوارى پڕاکتیکیشدا ئێمه هه‌نگاوى جدیمان ناوه بۆ هاندان و دروستکردنى په‌یوه‌ندى ستراتیژى له‌نێوان کۆمارى تورکیا و هه‌رێمى کوردستان، به‌شێوه‌یه‌ک له خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ته‌واوى گه‌لانى عێراقدابێت.
میوانه به‌ڕێزه‌کان...
هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى له بواره ئابووریه جیا جیاکان به‌شێوه‌یکى گشتى و له‌بوارى ووزه‌دا به‌شێوه‌یه‌کى تایبه‌تى، له بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانى سیاسه‌تى کارى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه، له‌م ڕووه‌شه‌وه هه‌نگاوه‌کانمان بۆ ئاینده‌یکى گه‌شتر و مسۆگه‌ر کردنى گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورى هه‌رێمى کوردستان و ته‌واوى عێراق، ئه‌ویش به پشت به‌ستن به ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عیراقى فیدڕاڵ به‌رده‌وام ده‌بێ. بڕگه‌کانى تایبه‌ت به بوارى ووزه و نه‌وت له‌و ده‌ستووره‌دا زۆر روون و ئاشکران و هێڵى سه‌ره‌کى کارکردنى ئێمه‌ن و رێ نیشانده‌رمانه، بۆیه له‌سه‌ر سیاسه‌ت و هه‌وڵه‌کانمان له‌م بواره‌دا به‌رده‌وام ده‌بین.
ئێمه پابه‌ندین به‌وه‌ى که سامانه سرووشتیه‌کان به ووریایی و حیکمه‌ته‌وه به‌کاربهێنرێت، ده‌مانه‌وێت که‌وا نه‌وت و گاز ببێته مایه‌ى خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بۆ گه‌له‌که‌مان. هه‌ربۆیه له سیاسه‌ته‌کانمان له‌ناوخۆى ووڵات به‌رده‌وام ده‌بین. له‌ئاستى ده‌ره‌وه‌شدا به‌رده‌وام ده‌بین بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندی ئابوورى و بازرگانیمان له‌گه‌ڵ ووڵاتانى جیهان به‌جۆرێک که له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌موولایه‌کدا بێت.
ئێمه جیاواز له هه‌ندێک له به‌رپرسانى حکومه‌تى فیدڕاڵ له به‌غدا، بڕوامان وایه که پێویسته سیاسه‌تمان له بوارى سه‌رچاوه‌کانى ووزه و سامانه سرووشتیه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى بێت نه‌ک بۆ دژایه‌تى کردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له یه‌کتر. سیاسه‌تى ئێمه له‌م بواره‌دا و تێڕوانینمان ئه‌وه‌یه که سامانه سرووشتیه‌کان ته‌نهاو ته‌نها بۆ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى ته‌واوى گه‌لانى عێراق به‌کاربهێنرێت.
هه‌ر له ئاکامى ئه‌و سیاسه‌ته سه‌رکه‌وتووه بوو که هه‌رێمى کوردستان توانى شوێن په‌نجه‌ى خۆى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى ووزه‌ى جیهان دیارى بکات و بناسرێت. هیچ گومانیش له‌وه‌دا نیه که یه‌ده‌گى نه‌وت و گازى هه‌رێمى کوردستان رۆڵ و کاریگه‌رى به‌رچاوى ده‌بێت له دابینکردنى ووزه له جیهان.
له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌رێمى کوردستان بۆته ده‌روازه‌یه‌کى گرینگ بۆ ته‌واوى عێراق، هه‌روه‌ها ده‌بێته وێستگه‌ی گرینگى چالاکى بازرگانى راسته‌قینه که سه‌دان کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رى جیهانى به‌شێوه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو مامه‌ڵه‌کانیانى تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
میوانانى به‌ڕێز...
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه گه‌شانه‌ى ئاماژه‌م پێدان، نامه‌وێت خۆم له‌و کێشانه لابده‌م که له‌م هه‌رێمه‌دا بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که‌وا قۆناغى گواستنه‌وه له دیکتاتۆری و ماڵوێرانى بۆ دیموکراسیه‌ت و ئاوه‌دانى، و بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانى، رێگایه‌کى دووره و زۆرجاریش پڕه له ئاسته‌نگى جۆراوجۆر، هه‌وڵدان بۆ گۆڕینى بیرى کۆن و نه‌ریت کارێکى ساده و ساکار نیه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که ئێمه بڕوامان به پڕه‌نسیپى فێربوون له رابردوو و وانه وه‌رگرتن له ئه‌زموون هه‌یه، هاوکات به‌جدى کارده‌که‌ین بۆ هاندانى به‌هاکانى ئازادى تاکه که‌س و دیموکراسى و سه‌روه‌رى یاسا و بازاڕى ئازاد له هه‌رێمه‌که‌مان.
بێگومان ئێمه له کارکردنمان بۆ به‌گه‌ڕخستنى سامانه سرووشتیه‌کان له خزمه‌ت گه‌لانى عیراق به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌روه‌ها له هه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ مسۆگه‌ر کردنى به‌کارهێنانى سه‌رچاوه سرووشتیه‌کان و دابه‌ش بوونى داهاته‌که‌ى به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه بۆ خزمه‌تى گه‌له‌که‌مان به‌پێى بنه‌مای ده‌ستووری عیراق.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز...
به‌هۆى دواکه‌وتن و نه‌بوونى یاساى نه‌وت و گازى فیدڕاڵى، په‌رله‌مانى کوردستان له‌ساڵى 2007 یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى په‌سه‌ند کرد، ئه‌ویش به پشت به‌ستن به ده‌ستورى هه‌میشه‌یی عیراق. له ئێستاشدا ئه‌و پێشکه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ى که ده‌یبینن، راستى و دروستى و سه‌رکه‌وتوویی ئه‌و سیاسه‌ته ده‌سه‌لمێنێت که ئه‌م هه‌رێمه له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوو په‌یڕه‌وى کردووه، واته راستیه‌کان خۆیان ده‌دوێن، بۆیه له هه‌نگاوه‌کانمان زۆر به‌دڵنیایی بۆ پێشه‌وه به‌رده‌وام ده‌بین.
ئێمه خۆشحاڵین که ئێستا ده‌بینین چه‌ند ناوچه‌یه‌کى تر له عێراق هه‌نگاوده‌نێن بۆ گرتنه‌به‌رى هه‌مان رێچکه و ده‌یانه‌وێت هه‌مان ئه‌زموون دووباره بکه‌نه‌وه، که ئه‌وه‌ش به‌شێکه له پیاده‌کردنى مافه ده‌ستوریه‌کانى خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى سامانه سرووشتیه‌کان له پارێزگاکه‌یاندا.
هه‌ربۆیه هیوادارین که هه‌رچى زووه یاساى نه‌وت و گازى فیدڕاڵی و یاساى دابه‌شکردنى داهات له‌ڕێگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه په‌سه‌ند بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى پێناسه‌یه‌کى یاسایی و ده‌ستورى بۆ په‌یوه‌ندى نێوان چالاکیه نه‌وتیه‌کانى هه‌رێم و ته‌واوى عێراق بکرێت، که بێگومان ده‌بێت به‌پێى ماده‌و بڕگه‌کانى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عیراقى فیدڕاڵ بێت.
جارێکى تر ئه‌وه دوپات ده‌که‌مه‌وه که هاوبه‌شى کردن له به‌ڕێوه‌بردنى سامانه سرووشتیه‌کان و مسۆگه‌رکردنى دابه‌شکردنى داهاته‌کان به‌شێوه‌یکى دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌کاندا، بنه‌ماى پێشکه‌وتن و خۆشگوزه‌رانى گه‌لانى عێراقه، که ئه‌وه‌ش ئامانجێکى زۆر ساده و مه‌بده‌ئیه. بۆیه هه‌وڵدان بۆ خۆدزینه‌وه له کارکردن به ماده و بڕگه ده‌ستوریه‌کان، هیچ ئه‌نجامێک له ولاًته‌که‌مان نابێت جگه له نه‌هامه‌تى و دواکه‌وتن.
ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌مانه‌وێت و کارمان بۆکردووه و قوربانیمان بۆ داوه، عێراقێکى دیموکراتى فیدڕاڵى فره‌ییه که خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى هه‌موو عێراقیه‌کان بکات، هاوکات ئازادیه سیاسى و ئابووریه‌کان که مه‌به‌ستى هه‌موومانه بپارێزرێت. له‌م هه‌وڵانه‌شماندا به‌رده‌وام ده‌بین.
گه‌لى کوردستان رێگایه‌کى دوور و درێژیان بڕیوه بۆ ده‌ربازبوون له نه‌هامه‌تى و ئازار و مه‌ینه‌تیه‌کانى رابردوو، هه‌وڵ و قوربانیه‌کى زۆرى داوه بۆ به‌دیهێنان و مسۆگه‌ر کردنى ئاینده و داهاتوویه‌کى باشتر. بۆیه له ئه‌نجامى هه‌نگاوه‌کانى رابردوومان، گه‌شبینین به داهاتوومان، بۆیه به‌رده‌وام ده‌بین بۆ به‌ره‌وپێش بردن و دابین کردنى ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ هه‌رێمه‌که‌مان و خۆشگوزه‌رانى بۆ هاووڵاتیانمان، که تێیدا سووده ئابووریه‌که‌ى له خزمه‌تى هه‌موولایه‌کدابێ و ببێته مایه‌ى باشترکردنى ژیان و گوزه‌رانى هه‌موو هاووڵاتیان له سه‌رانسه‌رى عێراق به‌شێوه‌یه‌کى گشتى.
هه‌ربۆیه سیاسه‌تى کارکردنى ئێمه به‌پێى ده‌ستور و له به‌رژه‌وه‌ندى ته‌واوى گه‌لانى عێراقدایه، زیاتر سوورین له‌سه‌ر کارکردن بۆ گه‌یشتنه ئه‌نجام و خاڵى یه‌کلاکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه عێراقیه‌کان، که ئه‌ویش خۆى له به‌ڕێوه‌بردنى هاوبه‌ش و دابه‌شکردنى یه‌کسانى داهاته‌کانى ووڵات ده‌بینێته‌وه.
به‌ڕێزان...
ئێمه له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، خۆشحاڵین که په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى تورکیا پێى ناوه‌ته قۆناغێکى تازه‌وه، به‌تایبه‌تى له‌بوارى ووزه. ئێمه ئه‌و په‌یوه‌ندى و کارکردن و کرانه‌وه‌یه‌ى کۆمارى تورکیا به‌رز ده‌نرخێنین وه ئه‌و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌یان گرینگیه‌کى زۆرى هه‌یه بۆ ئێمه له هه‌رێمی کوردستان و له‌سه‌رتاسه‌رى عێرق هه‌یه. ئومێده‌وارین دواى سه‌ردانه‌که‌مان بۆ ئه‌و ووڵاته په‌یوه‌ندیه‌کانمان گۆڕانێکى نه‌وعى و زیاتر به‌خۆوه ببینێ، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کى تر ده‌بێ که بوونى ئیراده‌ى سیاسى و رۆحیه‌تى کارکردنى هاوبه‌ش و لێک تێگه‌یشتنى زیاتر ئاکامى باشترى بۆ هه‌ردوولا ده‌بێت.
به‌ره‌وپێشه‌وه چوونى په‌یوه‌ندیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمارى تورکیا له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌موو عێراقدایه، هه‌رێمیش وه‌ک به‌شێکى گرنگ له عێراقى فیدڕاڵ ده‌توانێ رۆڵێکى ئیجابى و کاریگه‌ر ببینێ بۆ په‌ره‌پێدانى زیاترى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شی تورکیا - عیراق.
ئێمه له هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان دووباره کردووه‌ته‌وه که پابه‌ندین به سیسته‌مى دیموکراتى و فیدڕاڵى له عێراق و پابه‌ندین به‌و ده‌ستوره‌ى که 80% عێراقیه‌کان ده‌نگیان بۆ داوه و په‌سه‌ندیان کردووه، ئه‌و پابه‌ندبوونه‌شمان له‌پێناوى ئێستا‌و بونیادنانى ئاینده‌یه‌کى گه‌شتره بۆ ئه‌م ووڵاته که تێیدا هه‌موومان پێکه‌وه هاوبه‌ش و به‌شداربین له ده‌سه‌ڵات وله به‌ڕێوه‌بردندا.
له کۆتاییدا جارێکى تریش زۆر سوپاستان ده‌که‌م و خۆشحاڵم که ئه‌مڕۆ له‌م کۆنفڕانسه نه‌وعیه‌ى ووزه‌دا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز به‌شدار ده‌بم، زۆر به‌خێربێن بۆ هه‌ولێر پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستانى عێراقى فیدڕاڵ.
وێڕاى ئومێدى سه‌رکه‌وتن بۆ کۆنفڕانسه‌که‌تان، هیوادارم ئه‌نجامه‌که‌ى ببێته مایه‌ى خێر‌و به‌خته‌وه‌رى زیاتر بۆ ته‌واوى گه‌لانى عێراق و تورکیا، هاوکات هیوادارم ببێته هۆکارى هاندانى زیاترى کۆمپانیا جیهانیه به‌ناوبانگه‌کانى تر که له‌بوارى ووزه دا کارده‌که‌ن تابێن هاوبه‌ش بن و به‌شداربن له په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى زیاترى ئه‌م ناوچه‌یه. دووباره به خێربێن و سه‌رچاوو ، زۆر سوپاس.
هه‌رشاد و سه‌رکه‌وتووبن...




