وەزیری وزەی توركیا: نەوتی هەرێم بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراقە، بەغدایش ناتوانێت لەوە زیاتر قسە بكات

وەزیری وزەی توركیا، تانەر یلدز، ڕایگەیاند "ئەم كۆنفرانسە چۆنیەتیی كاركردنمان(تورکیا و هەریم) لە بواری وزە قسەی لەسەر دەكرێت كە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئێمەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لامان بایەخی زۆری پێدەدرێت، بۆ گەیشتنی بە هەموو ئامانجەكانی هەردوو لا لە بواری وزەدا. توركیایش لە ڕوانگەی سیاسییەوە دەڕوانێتە ئەو مەسەلەیە."
ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی توركیا، تانەر یلدز، دوای ئەنجامدانی یەكەمین كۆنگرەی وزەیە لە شاری هەولێر، كە لەگەڵ هاوتاكەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، د.ئاشتی هەورامی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ساز دا.
یلدز، هەروەها گوتی: "بۆ ئەوە هاتووینەتە هەولێر، دەمانەوێت ڕێگایەك نیشان بدەین لە ڕووی گاز و سەرچاوە سروشتییەكانەوە."
ڕوونیشی كردەوە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی غازی توركیادا، دەیانەوێت سوود لە غازی هەرێم وەربگرن. ئەو نەیشاردەوە كە ئەوەی لە عێراق دەیانەوێت بە دەستی بێنین زۆر گەورەترە و نابێت هیچ جیاوازییەك بكرێت لە نێوان كورد و شیعە و سوننەدا؛ دەبێت عێراق بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، عێراق دەبێتە وڵاتێكی سەرەكیی دابینكردنی وزە بۆ توركیا.
وەزیری وزەی توركیا، زیاتر گوتی: "داهاتی وزە لە عێراق لە 17%بۆ هەرێمی كوردستانە، 83%بۆ عێراقە، حكوومەتی هەرێم ئەمەی دووپات كردووەتەوە، ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن لە بواری نەوت بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراقە، ئێمە بەو چاوە سەیر دەكەین، حكوومەتی عێراقیش ناتوانێت لەوە زیاتر قسە بكات."
لای خۆیەوە ئاشتی هەورامی گوتیك "ئامادەبوونی وەزیری وزەی توركیا لێرە نیشانەی پێشكەوتنی هەرێمە لە بواری وزەدا، ئێمە دەمانەوێت نەخشەیەك دیاری بكەین، بۆ بەهێزبوونی هەردوو لامان لە بواری ئابووریدا، ئێمە زۆر ڕازین لە هاوكاریی ئابووریی توركیا كە ڕێگا پێشانی ئێمە دەدات بۆ پێشكەوتن كە كاریگەریی خۆی هەیە، عێراقیش دەبێتە بەشاداربوویەكی زۆر گەورە لە ئابووریی توركیا."
ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشخستنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا، ڕێگا چارەی ئابووری باشترین چارەسەرە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەنجامدانی ئەو كۆنفرانسە لە هەولێر نیشانەی گرنگیدانی توركیایە بە هەرێمی كوردستان."
هەورامی گوتیشی كە هیچ جۆرە گرێبەستێكی شاراوە لە نێوان ئێمە و توركیادا نەكراوە. ئەوەی باس دەكرێت هیچی ڕاست نییە، ئەگەر هەبێت ئەوا ڕایدەگەیەنن. "شت لە خەڵكی ناشارینەوە."
ئەو جەختیشی كردەوە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی سیاسین لەسەر داهاتی نەوت، بۆیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دەستوور، چونكە دەستوور یەكسانیی دابین دەكات.




