وۆركشۆپێك لە مەڕ قوتابخانە نموونەییەكان
سەرچاوەیەک بە ( kdp.info) رایگەیاند کە بەچاودێری د. عیسمەت محەمەد خالید وەزیری پەروەردەو، بەئامادەبوونی ژمارەیەك پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و بەڕێوەبەری قوتابخانە نموونەییەكانی سەرجەم پەروەردەكانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە پەروەردەكاران، وۆركشۆپێك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر قوتابخانە نموونەییەكان لە هۆڵی رۆشنبیریی و كۆمەڵایەتی زانكۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.
لە وۆركشۆپەكەدا سیستەمی قوتابخانە و خوێندنگە نموونەییەكان خرایە بەرباس و لێكۆڵینەوە، لە رێگەی چەند گرووپێكەوە گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی قوتابخانە نموونەییەكان و دانانی رێنمایی گونجاو لەبارەیانەوە كرا، لە كۆتاییشدا راسپاردەی كۆتایی لەلایەن سەرۆكی لێژنە خوێندرایەوە.
جێی باسە پرۆژەیەک لەمبارەوە لە پەرلەمانی کوردستانە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، چونکە کوردستان لە کاتی ئێستادا، ژمارەیەکی بەرچاو قوتابخانەی نموونەیی تێدایە و ئەوانەش دەبنە بنەمایەک بۆ گریندگدان بە خوێندن و قوتابییە پێشکەوتووەکان.
شایانی باسە نوێنەرانی هەریەكە لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و فیدراسیۆنی قوتابیان و خوێندكاران ئامادەی ئەم وۆركشۆپە بوون.




