٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

روونــكردنـــەوەی سـەرۆكـی هـەرێـمـی كوردسـتـان سەبارەت بە دوو بابەتی قسەكانی بەڕێز مالیكی

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێز مالیكی لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی (NRT) باسی چەند بابەتێكی كردووە كە پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە, ئێستا لایەنی پەیوەندیدار خەریكە وەڵامەكە ئامادە دەكات و بڵاو دەكرێتەوە بەڵام لێرەدا دەمەوێ وەڵامی دوو بابەتی سەرەكی بدەمەوە، كە یەكێكیان بەندە بەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی كوردستان بە ناردنی نەوت بە شێوەیەكی قاچاغ و دووەمیشیان بەندە بە گوایە نەدانی وەزارەتێك بە بزوتنەوی گۆڕان. 

دەربارەی بابەتی یەكەم:

زۆر جار بەڕێز مالیكی و دەوروبەرەكەی و تەنانەت خەلكی تریش، هەرێم بەوە تۆمەتبار دەكەن گوایە نەوت بە قاچاغ دەنێریتە دەرەوە
لە رێكەوتی (4/4/2012) دوای ئەوەی یەكەم جار ئەم تۆمەتە ئاراستەی هەرێم كرا، داوامان كرد لێژنەیەكی هاوبەش پێك بهینرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دارایی هەرێم، بۆ لێكۆلینەوە لە تۆمەتی بە قاچاغ بردنی نەوت لە باشووری عێراق یان هەرێمی كوردستان . بەڵام بەداخەوە تا ئێستا داواكە بێ ئەنجام بوو و هیچ وەلامێكی نەدراوە و لێژنەكە دروست نەبوو
دووپاتی دەكەینەوە هەر كەس و لایەنێك بەڵگەنامەی هەبێت لەسەر بەقاچاغ بردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە با بفەرمووێت بیخاتە روو، و هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە هەر كەسێ دەستی لەمەدا هەبێت دەچێتە بەردەمی عەدالەت و چاوپۆشی لەكەس ناكرێت

دەربارەی بابەتی دووەم:

بەڕێز مالیكی گوتبوی كە گوایە من دژی پێدانی پۆستی وەزاری بووم بە بزوتنەوەی گۆڕان و هەڕەشەی پاشەكشەم كردووە لە حكومەت ئەگەر بێت و پۆستێكی وایان پێ بدرێت

ئەمە دوورە لە راستی و بزوتنەوەی گۆڕان خۆی پێش هەموو كەسێ دەزانێ ئەمە راست نییە

من داوام كرد لە بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تری كوردستانی كە ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دروست بكرێت . لەم رووەشەوە لە پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نەوێنەران و لەدوای هەڵبژاردن هەموو لایەنە كوردستانییەكان كۆبووینەوە . دواتر لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ، داوا لە بزوتنەوەی گۆڕانیش كرا كە لە چوارچێوەی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەلی ئیسلامیش تێدا بەشدار بوون وەزارەت وەربگرن، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان نەهاتن و بڕیاریاندا لەم چوارچێوەیە بەشداری نەكەن، لەم رووەشەوە هەموو حیزبە كوردستانییەكان شاهێدن
كاتێك بەڕێز مالیكی داوای كرد وەزارەتیان پێ بدرێت، پێمان راگەیاند كە لە بەشی خۆتان ئازادن چەند وەزارەتیان بدەنێ و پێمان باشە، بەڵام لە بەشی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەبی لە رێگای هەرێمەوە بیت

مـسـعـود بـارزانــی
سـەرۆكـی هـەرێـمـی كـوردسـتـان
20/5/2012

 

هەواڵی پەیوەندیدار