سمیلان .. بەهۆى دەستکاریکردنى چەک قوتابیەک گیانى لە دەستدا

بەهۆى دەستکاریکردنى چەک لە لایەن دوو هاورێوە کە قوتابى پۆلى دەیەمن لە گوندى گرتکى سنورى شارەدێى سمیلانى سەر بە شارۆچکەى چۆمان، گوللەیەک لە دەستیان دردەچێت و بەر یەکێک لە قوتابیەکان دەکەوێت و بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدا.
لەم بارەیەوە نەقیب محەمەد عەلى بەرێوەبەرى بەشى پەیوەندى کردن و راگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى سۆران، بە (kdp.info)ى راگەیاند: کاتژمێر نۆى شەوى رابردوو لە ئەنجامى دەستکارى کردنى چەک لە لایەن دوو هاورێ کە قوتابى پۆلى دەیەمن لە قوتابخانەى سمیلان، بەهۆى لە دەست دەرچوونى گوللەیەک لە دەستیان و بەر سەرى قوتابى (دەرباز مەحسین ) تەمەن (17) ساڵ دەکەوێت و لە کاتى گەیاندنى بۆ نەخۆشخانە بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیان لە دەست دەدات.
وتیشى، تۆمەتبار لە لایەن باوکى رادەستى بنکەى پۆلیسى سمیلان دەکرێت و تەرمەکەش رەوانەى پزیشکى دادى هەولێر کراوە.
رێکار چۆمانى




