سورە: رەوەندی كوردیش وەك هەمیشە باڵوێزی راستەقینەی هەرێمی كوردستانە

ئەمرۆ سێ شەممە 13/11/2012 دكتۆر حسن محمد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لەدكتۆرە پەری قەرەداغی سەرۆكی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی كورد لە ئەمەریكا كرد.لەدیدارێكدا كە فرسەت ئەحمەد سكرتێری پەرلەمان و خاتوو ئەڤین عومەر و عومەر هەورامی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەیبوون.
وێرای خستنە رووی كار و چالاكییەكانی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی كورد لەئەمەریكا، هەروەها پرسی رەوەندی كورد لەئەمەریكا و بوونی لوبی بەهێزی كورد لەو وڵاتە و كاركردن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئەمەریكا بەتایبەتیش لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و كۆنگریسی ئەمەریكا و هاتوچۆی بەردەوامی شاندی نێوان هەردوولا لەهەموو بوارەكان خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
دكتۆر حسن محمد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە نیشان دا و كارو چالاكییەكانی رێكخراوەكەیانی بەرزنرخاند، هاوكات ئامادەیی پەرلەمانی كوردستانی نیشان دا لەپێناو پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەهەموو رووێكەوە بە تایبەت لەگەڵ كۆنگریس و دەزگا و دامەزراوەكانی تر و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەو وڵاتە و گەیاندنی پەیامی گەلی كوردستان كە هەمیشە كار و خەباتی لەپێناو وەدیهێنانی ژیانێكی كارامە و بەختەوەر بووە بۆ رۆڵەكانی و ئێستاش لەرووی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و تەواوی بوارەكانی تر هەنگاوی دیاری ناوەو پێگەی دیاری لەناوچەكە هەیە و هیوای خواست رەوەندی كوردیش وەك هەمیشە باڵوێزی راستەقینەی هەرێمی كوردستان بن بۆ گەیاندنی رووی گەش و راستەقینەی ئەزموونی دیموكراسیی هەرێمی كوردستان بە دنیای دەرەوەو دامەزراندنی باشترین پەیوەندی لەهەموو بوارەكان لەگەڵ میللەتانی دنیا و سوود وەرگرتن لەئەزموون و شارەزایی یەكتر.




