وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە هەرێمی كوردستان

لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابوری و بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا، ئەمڕۆ12/11/2012 بەڕێز عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك بەرپرسانی حكومی لەفرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی كرد لە بەڕێز دكتۆر على سەعیدلو یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و حەسەن دانائی فەر باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق و كازمی قومی سەرۆكی بەشی پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران.
دوای پشوویەكی كورت و لەدانیشتنێكدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاتنی وەفدە باڵاكەی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەخێر هاتنی كردن و هیوای خواست دیدار و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەرهەمداربێت، هەروا تەئكید لەپەیوەندیە سیاسی و بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرایەوە، لەسەر ڕۆشنایی پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی دۆست و بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوولا و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیە بازرگانی و سیاسیەكان گفتووگۆ كرا.
وەفدە باڵاكەی كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە سەد گەورە بازرگان و سەرمایەگوزاری ئێرانی لەخۆدەگرێ و وا بڕیاریشە سبەی كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دەست پێ بكات كە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.




