لە هەولێر كۆنفرانسی بازرگانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا بەرێوەچوو

دوێنێ بەمەبەستی زیاتر پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا و زیاتر ئاشنابوونی كۆمپانیەكانی ئەم وڵاتە بە رەوشی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو و دەرفەتی كاركردن لە كەرتی وەبەرهێنان دا ، كۆنفرانسی بازرگانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا لە هەولێری پایتەخت بەرێوەچوو.
لەم كۆنفرانسەدا هەر یەك لە جۆنسۆن سیاوش وەزیری كواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دینس گۆێر باڵیوزی فەرەنسا لە عیراق و خەمان زرار نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا و كونسڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێم و ژمارەیەك لە نوێنەرانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی گروپی رێكخراوی (میدف )ی كۆمپانیەكانی فەرەنسی كە نزیكەی 34 كۆمپانی لەخۆ دەگرێت وژمارەیەك لە خاوەن كار و نوێنەرانی كۆمپانیەكانی هەرێمی كوردستان بەشداربوون.

لەسەرەتادا جۆنسۆن سیاوش وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیڤێك پێش كەشی كرد وتێدا بە خێرهێنانی ئامادەبووانی كرد و ئاماژە بە سیاسەتی ئابووری و بازرگانی حكومەتی هەرێم دا . هەروەها تیشكی خستە سەر بەرنامە و پرۆژەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و ئەو دەرفەتانەی كە كۆمپانیەكانی فەرەنسی دەتوانن وەربەرهێنان تێدا بكەن و گوتی: هەرێمی كوردستان لە روویی سەقامگیری و ئارامی و ئەو یاسا و رێسایانەی كە تایبەتن بە بواری وەربەرهێنانەوە كەش وهەوایەكی لە بار هەیە بۆ كاری وەبەرهێنان و داواشی لە نوێنەرانی كۆمپانیەكانی فەرەنسی كرد كە ئەم هەڵە بقۆزنەوە و بەشداربن لە پرۆسەی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان.
دواتر دینس گۆێر باڵیوزی فەرەنسا لە عیراق لە وتەیەكی دا خۆشحاڵی خۆی دەڕبری بە سازكردنی ئەم كۆنفرانسە و بە هەنگاوێكی گرنگی زانی لە بواری زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ئابووری و بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەرەنسا.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە هەرێمی كوردستان لە قوناغێكی گەشەسەندنی خێرادا تێپەردەبێت و لە هەر سەردانێكی دا بۆ هەرێم هەست بە پێشكەوتن و بوژانەوە لە زۆربەی بوارەكان دەكات .
دواتر چەندین پەیڤی دیكە لەلایەن نوێنەرانی كۆمپانیەكانی فەرەنسی پێش كەش كرا و ئاماژە بە كار و پرۆژەكانیان دا .




