سەرۆكی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی کرد

ئەمرۆ دووشەممە 12/11/2012 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە سەلاحەددین پێشوازیكرد لە بەڕێز عەلی سەعید لوو یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و شاندێكی ئابووری یاوەری.
لە دیدارێكدا كە بەرێز عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی ئاسۆی ئەو پەیوەندییە كرا. سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەكان، كە پێویست بە وەبەرهێنانیان دەكات، بۆئەوەی لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندا بن، ئاماژەی بەوەشكرد بازاڕەكانی كوردستان كراوەیە لەبەردەم هەموو وڵاتان و كۆمپانیا دۆستەكان، كە هەوڵی وەبەرهێنان و زیادكردنی قەوارەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەدەن.
لە لای خۆیەوە یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی تەئكیدی لەوە كردەوە، ئێران گەرەكیەتی قەوارەی ئالوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا فراوانتر بكات و پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوولاش فراوانتر بكات، بە شێوەیەك كە خزمەت بە هەردوولا بگەیەنێ.




