سەنتەرێكی شوێنەوارناسی فەرەنسی لە قەڵای هەولێر

بەمەبەستی كاركردن لەبواری شوێنەوارەکانی هەرێمی كوردستان و شاری هەولێرو گرنگیدانی زیاتر بە بوارەكە لەرووی زانستییەوە ئەمڕۆ لە رێورەسمێكدا سەنتەرێكی تایبەتی شوێنەوارناسی فەرەنسی لەسەر قەڵای شاری هەولێر كرایەوە.
حەیدەر حەسەن بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر تایبەت بۆ(kdp.info) وتی" لەبەردەوامی گرنگیدان بە بواری شوێنەواری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەولیداوە لە رێگای زانكۆ پێشكەوتووەكانی ئەوروپا چەندین گرێبەستی شوێنەوارپارێزی واژوو بكات بۆ ئەوەی لەبواری هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوە و رووپێوكردنی شوێنەوارەكان كاربكرێت و خۆشبەختانە دوای واژووكردنی ئەو لێتێگەشتنەی نێوان بەڕێز سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا كە چەندین خاڵی لەخۆی گرتبوو یەكێك لەوانە گرنگیدانی فەرەنسا بوو بەبواری شوێنەواری هەرێمی كوردستان و دوای ئەمەش چەند دەزگایەكی شوێنەواری ئەو وڵاتە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەو یەكێك لەو دەزگایانە پەیمانگای شوێنەوارناسی فەرەنسییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست .
وتیشی" دوای ساڵێك كاركردنی ئەو پەیمانگایە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوویەك لەسەر قەڵای هەولێر ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەفیری فەرەنسا لە عێراق و و پارێزگاری هەولێر و چەندین دامودەزگای تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەنتەرێكی تایبەتی شوێنەوار ناسی لە سەر قەڵای هەولێر كرایەوە، كەئەمەش دەبێتە هۆی گرنگیدانی زیاتر بە بوارەکانی شوینەوار.
هەولێر- بڕوا بەرزنجی




