لەهیچ پزیشكێك قبوڵ ناكرێت لە نرخی دیاریكراو زیاتر وەربگرێت
هەرچەندە ئێستا بێسەروبەری لە شەقامی پزیشكانی شاری هەولێر بەدی دەكرێت و هاووڵاتیان لەو روەوە گلەییان هەیە، بەڵام سەندیكای پزیشكانی كوردستان لەهەوڵی بەردەوامە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بارودۆخەكەو كەمكردنەوەی گرفتەكان و بڕی ئەو پارەیەی كە لەنەخۆش وەردەگیرێت دیاری كراوەو گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیكاش دەڵێت قبوڵ ناكەین هیچ پزیشكێك لەو بڕە پارەیەیی دیاریكراوە زیاتر وەربگرێت.
د.حەیدەر سابیر وتەبێژی سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی هەولێر تایبەت بۆ(kdp.info) وتی" وەكو سەندیكای پزیشكان لەهەوڵی بەردەوام داین بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی كە ڕووبەڕووی پزیشك و نەخۆش دەبێتەوەو هەر كەسێك گرفتێك یان تێبینییەكی هەبێت یاخود هەر نەخۆشێك گلەییەكی هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بكات، بەمەبەستی چارەسەر. ماوەیەك بەر لە ئێستا گلەیی لەبارەی جیاوازی نرخەكان دەكرا، بەڵام ئێستا ئەو گرفتە چارەسەركراوە
وتیشی" ئێستا پزیشكی ئاسایی 10 هەزار و پزیشكی پسپۆر 15 هەزار و پزیشكی راوێژكار 20 هەزار دینار لە نەخۆش وەردەگرێت و لە هیچ پزیشكێكی قبوڵ ناكەین لەو نرخە زیاتر لە نەخۆش وەربگرێت و داوا لە هاووڵاتیان دەكەین هەر سەرپێچییەكیان لەو بارەیەوە بینی بەئێمەی رابگەینن و ئێمە پزیشكەكەی لێ ئاگادار دەكەینەوە، یاخود بانگێشتی سەندیكای دەكەین بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی.




