چۆمان.. هەورە بروسکە دوو گوندى ناوچەکەى بێ تەزووى کارەبا کرد و هاوڵاتیەکیش بەرمین کەوت
بەهۆى بارینى بەردەوامى باران و بوونى هەورە بروسکە هەردوو گوندى خۆشکان و بندایزانى سنورى قەزاى چۆمان لە تەزوى کارەبا بێبەش بوون.
لەم بارەیەوە قادر ئەحمەد موختارى گوندى بندایزان بە (kdp.info)ى راگەیاند: هەردوو گوندى خۆشکان و بندایزان کە بۆ تەزوى کارەبا پشت بە کارەباى کارۆ ئاوى دەبەستن، بەهۆى هەورە بروسکەوە کە بەر کارەباى کارۆ ئاوى گوندەکان کەتووە ، هەردوو گوندەکە تەزووى کارەبایان تێک چووەو داواکارن لە لایەنى پەیوەندیدار سەرچاوەى کارەباکەیان بۆ چاک بکەنەوە.
هەروەها سەبارەت بەروداوەکانى ناوچەکە بەهۆى پیاتەقینەوەى مینێکى دژەکەسى بە هاووڵاتیەکى دانیشتوى ورمێى رۆژهەڵات لە شارەدێى حاجى ئۆمەران لە سەر سنورى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران هاووڵاتییەک بە سەختى بریندار دەبێت و دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەى چۆمان.
لەم بارەیەوە دکتۆر ئەحمەد حەسەن بەرێوەبەرى تەندروستى چۆمان بە (kdp.info)ى راگەیاند: بەهۆى تەقینى مینێکى دژە کەسى بە هاووڵاتیەکى دانیشتوى ورمێى رۆژهەڵات، بە ناوى (مەقسود نادر) لە سەر سنورى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران، ناوبراو بە سەختى زامدار دەبێت و دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەى چۆمان، لێ بەهۆى سەختى برینەکانى و پەرینى قاچى چەپى دواى چارەسەرى سەرەتایى رەوانەى نەخۆشخانەى سۆران کرا.
بە پێى ئامارى دەزگاى گشتى کارو بارى مین لە ماوەى ئەمساڵدا لە هەرسێ پارێزگاکانى هەولێر، دهۆک و سلێمانى (45) کەس بەهۆى مینەوە گیانیان لە دەست داوە یاخود کەم ئەندام بوونە.
رێکار چۆمانى




