عارف ته‌یفور داوا ده‌كات هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆی له كه‌ركووك ئه‌نجامبدرێت

عارف ته‌یفور داوا ده‌كات هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆی له كه‌ركووك ئه‌نجامبدرێت و ده‌ڵێ "هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێ ئیراده‌ی دانیشتوانی كه‌ركووك بدزن".
عارف ته‌یفور، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یێنێ "هه‌ندێ لایه‌ن له پارێزگای كه‌ركووك داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن یاسایه‌كی تایبه‌ت به پارێزگای كه‌ركووك تێپه‌رِێنن".
جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و كاره به "پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور" وه‌سف ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ده‌كات "كه ئه‌وانه‌ی ئه‌و داوایه ده‌كه‌ن كێشه دروست ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ئیراده‌ی دانیشتوانی كه‌ركووك بدزن و ره‌وشی شاره‌كه ئاڵۆز بكه‌ن".
عارف ته‌یفور داوا ده‌كات "هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له واده‌ی خۆی ئه‌نجامبدرێت وه‌ك ته‌واوی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق، به‌بێ ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌و پارێزگایه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ "دانیشتوانی شاره‌كه مافی خۆیانه له رێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه نوێنه‌ری خۆیان له ئیداره‌ی ئه‌و پارێزگایه دیاری بكه‌ن"، هاوكات داواش له كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات "ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ سه‌رجه‌م پارێزگان ئه‌نجامبده‌ن به كه‌ركووكیشه‌وه به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه".




