٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسانى كورد بوونى ناتەبایى لە هەڵوێستى سەركردایەتیى كورد رەت دەكەنەوە

سەرچاوە: AK News

بەرپرسانى پارتى و یەكێتى، كە پێكهێنەرى سەرەكیى لیستى هاوپەیمانیى كوردستانن و خاوەنى زۆرترین كورسییەكانى كوردن لە پەرلەمانى عێراق، رەتى دەكەنەوە ناكۆكى و هەڵوێستى جیاوازیان هەبێ لە تەنگژەى ئێستەى نێوان كورد و نوورى مالیكى.

فەرهاد ئەترووشى پەرلەمانتارى هاوپەیمانیى كوردستان لە لیستى پارتى جەختى كرد لەوەى، كورد بە هەموو لیستەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە یەكهەڵوێستە لە كێشە سەرەكییەكانى كورد لە بەغدا و بەتایبەت مادەى 140 و بوونى ناكۆكى لەنێوان فراكسیۆنى پارتى و یەكێتى لە بەغدا رەت كردەوە.

ئەترووشى لە وەڵامى پرسیارێكى رادیۆ (نەوا)دا ئاخۆ راستە پەرلەمانتارێكى لیستى دەوڵەتى یاسا رەخنەى لە سەرۆكى هەرێم گرتووە و پەرلەمانتارانى فراكسیۆنى یەكێتیى نیشتمانى بێدەنگ بوون، گوتى "شتى وا نەبووە و من لەسەر داواى فوئاد مەعسووم سەرۆكى لیستى هاوپەیمانیى كوردستان (لەسەر لیستى یەكێتى) بە هاوبەشى لەگەڵ خالید شوانى پەرلەمانتارى هاوپەیمانى (لە لیستى یەكێتى) كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیمان ساز كرد قسەمان لەسەر بابەتەكان كرد".

هەروەها ئاماژەى بەوە دا هەردوو حزب تا رادەیەكى زۆر یەكهەڵوێستن، بەڵام مەرج نییە سەتى سەت وەك یەك بن چونكە "ئەگەر وابێ پێویست ناكا دوو حزب بین".

لاى خۆیەوە سەعدى پیرە ئەندامى مەكتەبی سیاسیی یەكێتیى نیشتمانی گوتى "لە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر داخوازییەكانى خەڵكى كوردستان ئەوەى بڵێت پارتى و یەكێتى جیاوازن بەهەڵەدا چووە. پارتى و یەكێتى لەم پرسەدا جیاوازییان نییە".

پیرە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ژمارەى ئەمڕۆ رۆژنامەى (هەولێر) ئاماژە بەوە دەدا "بەهەڵەداچوونێكى گەورەیە" وا بزانرێ كێشەى ئەم دواییە كێشەیە لەنێوان سەرۆكى هەرێم و سەرۆك وەزیرانى عێراقدا".

لەبارەى جیاوازیى هەڵوێستەكانى سەرۆكى هەرێم و سەركۆماریش كە هەردوو كوردن، ئاماژەى بەوە دا لە رووى دەستوورییەوە "سەركۆمار دەبێ هەڵوێست و قسەكانى وەكو سەرۆكى عێراق بێ، سەرۆكى هەرێمیش دەبێ هەڵوێست و داخوازییەكانى وەكو سەرۆكى هەرێم بێ".

پاش كۆبوونەوەى 4 سەركردە عێراقییەكە (تاڵەبانى، بارزانى، موقتەدا سەدر و عەلاوى) لە هەولێر لە 29ى مانگى رابردوو و ئاراستەكردنى كارنامەیەكى 9 خاڵى بۆ مالیكى و پێدانى 15 رۆژ مۆڵەت بۆ وەڵامدانەوەى، دوێنێ لە شارى نەجەفیش بە ئامادەبوونى موقتەدا سەدر و نوێنەرانى كورد و عێراقییە كۆبوونەوەیەكى تر كرا.

تاڵەبانى لە نامەیەكیدا كە لە هەشت خاڵ پێك دێ و بەمەبەستى چارەسەرى تەنگژەى سیاسیی وڵات ئاراستەى سەرجەم لایەنە سیاسییەكانى كردووە، داواى كردووە شەڕى راگەیاندن و لێدوانى گرژ رابگیرێ، دەستوور بكرێتە مەرجەع و لایەنە سیاسییەكان لەبرى زیادكردنى خاڵەكانى ناكۆكى خاڵە هاوبەشەكان بەهێز بكەن.

بەڵام هیچ ئاماژەیەكى بۆ سەندنەوەى متمانە لە مالیكى تێدا نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار