٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم بەشداری لە گەورەترین كۆنفڕانسی ئابووریی نێوان هەرێم و ئێراندا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بڕیار وایە ئەمڕۆ سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە تارانەوە بگاتەوە هەولێر و بەشداریی كۆنفڕانسی ئابووریی نێوان هەرێم و ئێراندا بكات. شاندی میوانیش بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆككۆماری ئێران عەلی سەعیدلو و زیاتر لە 100 كۆمپانیای گەورەی ئەو وڵاتە، چەند ڕۆژێك میوانی هەولێر دەبن.

بە گوتەی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران نازم دەباغ پێشتر ئامادەكارییەكی باش كرابوو بۆ ئەوەی وەفدەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداری لە كۆنفڕانسە ئابوورییەكەی هەولێردا بكات.
ئەوە یەكەمین جارە كە لە ماوەی ڕابردوودا گەورە بەرپرسێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ئاستەدا بێتە هەرێمی كوردستان و بە شێوەیەكی فەرمی و لە لایەن بەرپرسانی هەرێمەوە پێشوازیی لێ بكرێت.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتیی شاندێك گەییشتە تاران و لەگەڵ هەر یەك لە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران د. عەلی ئەكبەر ساڵحی و جێگری سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە بۆ كاروباری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان عەلی سەعیدلۆـدا كۆ بووەوە.

بە گوتەی نازم دەباغ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، زیاتر قسەكردن بوو لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هەر دوو لا و چالاككردنی ئەو رێككەوتنە كۆنانەی كە لە نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستاندا هەبوون، ئەوانەی كە جێبەجێ كراون و ئەوانەی كە ماون جێبەجێ بكرێن.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكان، قسەكردن بوو لەسەر چالاككردنی كەرتی تایبەتی نێوان هەرێم و ئێران بۆ ئەوەی لە بواری ئابووری و سیاسەتی ئاوەدانكردنەوەدا ڕۆڵی خۆیان ببینن. ئەو دەڵێ: "هەمیشە ئەگەر پێوەندیی ئابووری پتەوتر بوو، ئەوا پێوەندیی سیاسی توندوتۆڵتر دەبێت، بۆیە هەردووكیان تەواوكەری یەكترن."

مانگی ڕابردوو فەرماندەی سوپای قودسی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردارقاسم سولەیمانی گەییشتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی چاویان بە یەک کەوت.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا كە سەردانەكەی سولەیمانی زیاتر بۆ بەخێرهاتنەوەی سەرۆككۆمار بوو.
نێچیرڤان بارزانی بە كەناڵی "بی بی سی" فارسی راگەیاندبوو: "قاسم سولەیمانی لەو سەردانەیشیدا هاتە هەولێر و ئێمەیش دیدارمان لەگەڵدا هەبوو و باسەكەیشمان زیاتر لە بارەی پێوەندییەكانی كوردستان و ئێرانەوە بووە."

هەواڵی پەیوەندیدار