لە سەرتاسەری كوردستان پێوەر بۆ ئاوی ماڵان دادەنرێت

بەمەبەستی رێگەگرتن لە زیاد بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە وەزارەتی شارەوانی بەهاوكاری وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا سەرقاڵی كاركردنە، لەپێناو پرۆژەی دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان و لە قۆناغی یەكەمدا 400 هەزار پێوەر دابین دەكرێت بۆ ئاو و كارەبا.
سەهەند سیروان بەڕێوەبەری گشتی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ(kdp.info) وتی" ئەو پرۆژەیە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و هەردوو پێوەی كارەبا و ئاو بەیەكەوە دادەنرێت و پرۆسەی پارە كۆكردنەوەكەش وەزارەتی كارەبا ئەنجامی دەدات و مەبەست لەو پرۆژەیە رێگەگرتن لە زیاد بەكارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە و تاوەكو ئێستا 14 كۆمپانیا بەشداربووەنە لەتەندەری پرۆژەكە.
ناوبراو زیاتر رونیكردەوەو وتی" ئێمە بەپێی ستانداری جیهانی كار لەو پرۆژەیە دەكەین و بەوپێیەش هەر خێزانێك رۆژانە پێویستە بە یەك مەتر سێجا ئاوەو بۆ یەك مانگ 10 هەزار دینار لە هەر خێزانێك وەردەگرین بەڵام ئەگەر لەو بڕە زیاتر بوو ئەوا پارەی زیاتر لە هاووڵاتی وەردەگیرێت.




